حکومەتی عێراق نوێنەری لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت
رووداو زانیویەتی شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق وەک سەرەتا لەسەر ئەم خاڵانە رێکەوتوون، حکومەتی عێراق نوێنەری لەئیدارەدانی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت و سەدا 50%ی داھاتی ئەو دەروازانە دەگرێتەوە بەغدا، رادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت، داھاتە نانەوتییەکانیش ھێشتا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و ھەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە بۆ رێکەوتن لەسەری، لەبەرامبەردا لە بودجەی گشتی 2021 ی عێراق لە 13.9 % وەک پشکی ھەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت .
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت" بۆ سەرجەم کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لیژنەی تایبەتی دامەزراون لەوانە لیژنەی ئەمنی و لیژنەیەکی نەوتی و لیژنەیەکی دارایی، ھیواو ئومێد ھەیە و گفتوگۆکانیش بەردەوامن تاوەکو بگەینە رێککەوتنی کۆتایی".
بڕیارە ھەفتەی داھاتوو حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی 2020 رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ دەنگدان لەسەری کە بە 146 تریلون دینار خەمڵێنراوە و کورتھێنان 80 تریلیون دینارە، ئامانجی بەپەلە ناردن و پەسەندکردنی بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرکی و بەردەوامیدان بەناردنی 320 ملیار بۆ ھەرێمی کوردستان و دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانە .
بەھادین نووری، گوتەبێژی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند "ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان 450 ھەزار بەرمیلە، رێککەوتنکرا ھەرێم بەشێوەیەکی گشتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەست بکات. ھەرێم پابەند نەبوو بەو بابەتە، بۆیە دیدار و کۆبوونەوە ھەیە ئێمە لە لیژنەی نەوت و وزە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو شاندانەی کە دێن ھەروەھا لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناو یەکلاکردنەوە ئەو بابەتە ھەروەک دەزانن تەنانەت پرسی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز پەیوەندیدارە بەو کێشانەی ھەن بۆیە پێوستە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت لە پێناودەکردنی ئەو یاسایە".
رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی داھاتووی عێراق لە وەزارەتی دارایی زیاتر لە ھەفتەیەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و شاندێکی ھونەری حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارن، پرسێک کە ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ رێککەوتنێکی درێژ خایەن لەنێوان ھەولێر و بەغدا .
rudaw