جوتیار عادل: كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان

جوتیار عادل: كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جووتیار عادل، له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ "ژووری هه‌واڵ"ی كوردستان24، باسی له‌ گرنگی و ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، مسته‌فا كازمی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نیازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و سه‌ردانی مسته‌فا كازمی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی: ئه‌م سه‌ردانه‌ گرنگه‌ بۆ له‌یه‌كنزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، جووتیار عادل له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا وێڕای ئاماژه‌كردن به‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق ئاماده‌ نه‌بووه‌، گوتی: ئێمه‌ له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆ ده‌كه‌ین، یه‌كه‌میان: پرسی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ و دووه‌میان: پرسی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و سێیه‌میان: پرسی پێشمه‌رگه‌یه‌. ئه‌م بابه‌تانه‌ پرسی سه‌ره‌كی گفتوگۆكانه‌ و تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌م ماوه‌یه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئه‌و ورده‌كاری له‌ بواری نه‌وت، قه‌رزه‌كان، پرسه‌ سیاسییه‌كان، هه‌یه‌ بیانخاته‌ڕوو بۆ به‌غدا و له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا بتوانێت له‌ یاسای بودجه‌ی 2021 جێگیری بكات.

ده‌قی وه‌ڵامه‌كانی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ پرسیاره‌كانی كوردستان24

ئێمه‌ به‌ سووپاسه‌وه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق بۆ باشتركردن و نزیككردنه‌وه‌ی بیروڕا جیاوازه‌كانی نێوانمان پێشوازی لێده‌كه‌ین.

له‌سه‌ره‌تای كابینه‌ی نۆیه‌م، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدای كرد بۆ پیشاندانی نیازپاكی و ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا به‌شێكه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌. هیوادارین ئه‌م سه‌ردانه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌.

چاره‌سه‌ر

وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم، بڕوامان وایه‌، ئێمه‌ بتوانین چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ بكه‌ین، به‌ گوێره‌ی ئه‌و چوارچێوه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌ی پێشتر ئێمه‌ له‌ دیسه‌مبه‌ری 2019 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی پێی گه‌یشتبووین.

له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌داین و بێگومان ئه‌و شتانه‌ی باسكراوون له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌موو بابه‌ته‌كان ده‌ستووری و یاسایین. بۆ یه‌كه‌مینجاریش بوو، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ تایبه‌تی لیژنه‌ ته‌كنیكییه‌كان به‌شداری له‌ نووسینه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بكه‌ن، بۆ 2020، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ بكرێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان پێموایه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی باش.

ئێمه‌ نیازی خۆمان پیشانداوه‌، كه‌ ئێمه‌ قایلین به‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك به‌ مه‌رجێك ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور بێت.

ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماده‌ نه‌بووم، به‌ڵام ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووریی ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ینه‌وه‌.

ئێمه‌ له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆ ده‌كه‌ین، یه‌كه‌میان پرسی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ و دووه‌میان: پرسی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و سێیه‌میان: پرسی پێشمه‌رگه‌یه‌. ئه‌م بابه‌تانه‌ پرسی سه‌ره‌كی گفتوگۆكانه‌ و تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور، هه‌رێمی كوردستان له‌م ماوه‌یه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئه‌و ورده‌كاری له‌ بواری نه‌وت، قه‌رزه‌كان، پرسه‌ سیاسییه‌كان، ئاماده‌یه‌ و ئاماده‌یی خۆی پیشانداوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا، له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا بتوانێت له‌ یاسای بودجه‌ی 2021 جێگیری بكات.

پێشبینی ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ كاتی ده‌وێت، ده‌ستخۆشی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، كه‌ توانیان وه‌ره‌قه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل و پڕ له‌ ورده‌كاری له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئاماده‌كراوه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكرێت و ئامانجی سه‌ره‌كی و هه‌نگاوی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ بتوانین له‌ پڕۆژه‌یاسای 2021 ئه‌و چوارچێوه‌ تێگه‌یشتنه‌ی هه‌بوو جێگیر بكرێت. هه‌رچه‌ند ئێمه‌ تێبینیمان هه‌بوو له‌سه‌ر یاساكه‌ی پێشتر، به‌ڵام ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێت. بۆ نموونه‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی خه‌رجییه‌كانی كۆمپانیاكانی نه‌وت، هه‌ندێكی په‌یوه‌سته‌ به‌ قه‌رزه‌كان و هه‌ندێك په‌یوه‌سته‌ به‌و رێژه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان داوای ده‌كات. به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور رێژه‌ی دانیشتوان بووه‌ته‌ پێوه‌ری سه‌ره‌كی بۆ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانی عێراق. خه‌رجییه‌كی سیادی زۆر زۆر ته‌رخانده‌كرێت بۆ حكومه‌تی عێراق، له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕێت. حكومه‌تی عێراق زۆر قه‌رزی كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌و قه‌رزانه‌ نه‌داوه‌.

داواكانی هه‌ولێر

بێگومان ئه‌و تێبینیانه‌ به‌رده‌وام كرۆكی گفتوگۆ بوون له‌گه‌ڵ شاندی به‌غدا. ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی عێراق، گفتوگۆ ده‌كه‌ین. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ من ده‌ڵێم ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ به‌ڵێ و نه‌خێر نابێت. وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت گفتوگۆكان له‌سه‌ر ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بێت و بتوانرێت ئه‌و شایسته‌ داراییانه‌ی له‌ ده‌ستوور هاتووه‌ جێگیر بكرێت. زۆر بابه‌تی دیكه‌ هه‌یه‌ وه‌ك ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، هه‌ندێك لیژنه‌ پێشتر پێكهێنرابوون بۆ چاودێری له‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 هه‌بوون، پێكنه‌هێنراونه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت پێكبهێنرێنه‌وه‌. ده‌بێت ئاسایش و سه‌قامگیری و ماڵ و موڵكی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كوردستانییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێت. ئه‌م ماوه‌یه‌ جموجوڵی داعش زۆر بووه‌. خه‌ڵكی ئه‌وێ زۆر تووشی گرفت بوونه‌. ماڵ و موڵكیان داگیركراوه‌. ئه‌م بابه‌تانه‌ ورد و زۆرن. به‌ڵام له‌ رووی مه‌بده‌ئه‌وه‌، نیه‌تێكی تاڕاده‌یه‌ك باش له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق هه‌یه‌، به‌ڕێز مسته‌فا كازمی. ده‌كرێت ئه‌و قه‌ناعه‌ت و ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌و هه‌یه‌تی بتوانین ئێمه‌ ته‌رجه‌مه‌ی واقیعی بكه‌ین. به‌ته‌واوه‌تی وه‌كو ئه‌و ره‌فتارانه‌ی كه‌ هه‌یه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ راستی به‌ به‌رده‌وام وتوومانه‌ و له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی عێراق مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین. ته‌نانه‌ت ئه‌و چوارچێوه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی پێی گه‌یشتووین، ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سه‌كانه‌وه‌ نه‌بووه‌.

رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌، نه‌ك كه‌سه‌كان

سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی جێبه‌جێكردن رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه‌ و ده‌كرێت رۆڵی خۆی بگێڕێت. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ نییه‌ و ئاڵۆزی تێدایه‌. بێگومان ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاره‌. ئێمه‌ ناتوانین بێ به‌ڵگه‌ بڵێین ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی هه‌یه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێستی خۆی ناردووه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق، كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و پرسانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌شێكی له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندایه‌. ئه‌وه‌ش به‌ پێكهێنانی لیژنه‌ و ته‌رخانكردنی بودجه‌ ده‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ئیراده‌یه‌كی سیاسی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. ده‌بێت پشتیوانی سیاسی هه‌بێت. ده‌بێت په‌رله‌مانیش رایه‌كی لۆژیكی پشتبه‌ستن به‌ ده‌ستوور جێبه‌جێی بكات، ئه‌م ئیراده‌یه‌ هه‌بێت، ناڵێم كێشه‌كان به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌ڵام به‌ بێگومان هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ ده‌چینه‌ پێش.

ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌، ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ سیاسییانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ درووست بوون، به‌ تایبه‌ت دوای 2011 شه‌پۆلێكی زۆر گه‌وره‌ی ئاواره‌ روویانكرده‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌رێمی كوردستان تا توانی پشتیگری و پێداویستی سه‌ره‌كی ژیان بۆ ئاواره‌كان دابین بكات. ئێمه‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه‌، هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا به‌ده‌م داواكاری ئێمه‌وه‌ نه‌هاتوون. له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتومانه‌ حكومه‌تی ئێمه‌ توانای كه‌مه‌. بێگومان ئه‌م بابه‌ته‌ش، جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، مسته‌فا كازمی به‌ چاوی خۆی دۆخه‌كه‌ی بینیوه‌. هیوادارین ئه‌م سه‌ردانه‌ ببێته‌ به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێز بتوانێت هه‌ندێك بڕیاری گونجاو له‌و باره‌یه‌وه‌ بدات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاواره‌كان بێت، له‌ پێشكه‌شكردنی پێداویستییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ئێمه‌ش سووك بكات.

بۆ شنگال ده‌بێت رێككه‌وتنی سیاسی هه‌بێت

ده‌بێت رێككه‌وتنی سیاسی هه‌بێت. ده‌بێت ره‌وشه‌كه‌ ئاساییبكرێته‌وه‌. گفتوگۆ كراوه‌، كه‌وا بتوانین ئێمه‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ بدۆزینه‌وه‌ تا ئه‌و خه‌ڵكه‌ بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌. به‌ بێ رێككه‌وتنی سیاسی پێم وانییه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ زه‌مانه‌ت نییه‌ دۆخه‌كه‌ تێك نه‌چێته‌وه‌. گفتوگۆ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و دۆخه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌یه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌. خه‌ڵكی ئه‌وێ خۆی حكومی خۆی بكات و خۆی بڕیاری خۆی بدات له‌وێ.

به‌داخه‌وه‌ پرسی مووچه‌ به‌ سیاسی كراوه‌. به‌داخه‌وه‌ شه‌پۆلێكی ناڕه‌وا له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ ده‌كرێت، له‌وه‌ی كه‌وا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه‌ له‌و ئاسته‌ بێت بتوانێت قوتی خه‌ڵك دابین بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌قیقه‌ته‌كه‌ وا نییه‌ و هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت توانیویه‌تی له‌م ماوه‌یه‌ مووچه‌ دابین بكات. بۆ زانیاریتان تا ئێستا حكومه‌تی عێراق مووچه‌ی مانگی پێنج و شه‌ش و حه‌وتی نه‌ناردووه‌. ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین، جه‌نابتان ده‌زانن، داوا شتێكه‌ و جێبه‌جێكردن شتێكی تره‌. ئێمه‌ درێغی ناكه‌ین، به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور له‌ یاسای بودجه‌ جێگیر بكرێت. ته‌نیا مه‌سه‌له‌كه‌ مووچه‌ نییه‌، به‌هه‌زاران گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ قوربانیان داوه‌، بۆ نه‌ته‌وه‌ و بۆ پاراستنی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ بووه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌مه‌ش له‌ داوا سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه‌ بووه‌. ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت. ئیتر ده‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر قه‌ناعه‌تی حكومه‌تی عێراق، ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ڵكو بۆ جیهانی درووست كردووه‌.

ئێمه‌ به‌ پێی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی، كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی داویه‌تی، بڕی 320 ملیار دینار ده‌نێردرێت، شتێكی گرنگ هه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌یه‌ وه‌ك داهات دابینی ده‌كه‌ین بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خزمه‌تكردنی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان. بێگومان ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ ناكرێت حكومه‌تی عێراق منه‌تمان له‌سه‌ر بكات. ئه‌مه‌ مافه‌، مافی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌. بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌م، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقیش گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی نابێت ئه‌و پرسه‌ به‌ سیاسی بكرێت. هیوادارم ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داویه‌تی جێبه‌جێیان بكات


k24
Top