مالیکی: لەگەڵ پارتی رێککەوتووین بۆ رەتکردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن

مالیکی: لەگەڵ پارتی رێککەوتووین بۆ رەتکردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون لەسەر رەتکردنەوەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان.

نووسینگەی نووری مالیکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێشوازی لە خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا هەردوولا پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان تاوتوێکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی هاوئاهەنگی لەنێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرسەکانی هەڵبژاردن و بابەتەکانی دیکە، هاوکات هەردوولا رێککەوتن لەسەر رەتکردنەوەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بەتایبەت فرە بازنەیی، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی پێشنیازی ئەوەی هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێ.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدایە و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و بۆچوونی لایەنەکان لەسەر ئەو بابەتە".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونیکردەوە، "تاوەکو ئێستا ئاستەنگ و گرفت لە بەردەم یاسای هەڵبژاردن هەیە، بۆیە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەیەوێت لە هەڵوێستی لایەنەکان بگات و دواتر لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان هەڵوێستیان لەوبارەوە یەکبخەن".

پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019ەوە یاسای هەڵبژاردنی پەسەندکردووە، کە لە 50 ماددە پێکهاتووە، بەڵام هێشتا یاسایەکە پاشکۆیەکی ماوە پەسەندبکرێت، کە تایبەتە بە دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن کە داوا دەکرێ بچووکبکرێنەوە بۆ ئاستی شارۆچکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2020 دوا وادەیە بۆ ئەوەی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە شێوازی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان رەوانەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بکەن.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مانگی رابردوو رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە بەرواری 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 بەڕێوەدەچێ.


rudaw
Top