باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا : له‌ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران روی له‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه

باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا :  له‌ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران روی له‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه
باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق روی له‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه‌، لیژنه‌یه‌كیشیان پێكهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون بۆ وه‌به‌رهێنان و بازرگانی زیاتری كۆمپانیا ئێرانیه‌كان له‌ عێراق.

ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ به‌غدا بە ئاژانسی ئیرنای وڵاتەکەی راگەیاندوە، "یه‌كێك له‌ كاره‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ عێراق به‌دواداچونه‌ بۆ هاوكاری ئابوری و بازرگانی نێوان هه‌ردو وڵات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند پێكهێندراوه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ ئه‌ركه‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌، ئاسانكارییه‌ بۆ بازرگانیكردن له‌ سنوره‌كانی هه‌ردو وڵات و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بانكی".

هه‌وڵدراوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكی ئابوری له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ ئامانجی زیادكردنی ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵه‌ بازرگانیه‌كان


ئاماژەی بەوەشکردوە، له‌ چوارچێوه‌ی دیپلۆماسیه‌تی ئابوریدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ دروستبون، به‌ڵام هه‌وڵدراوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكی ئابوری له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ ئامانجی زیادكردنی ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵه‌ بازرگانیه‌كان، له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌فته‌ی دو رۆژ ئاڵوگۆڕ ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا كراوه‌ته‌ هه‌فته‌ی چوار رۆژ.

له‌ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران روی له‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه


باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا باسی لەوەشکردوە، له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی له‌ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران روی له‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان خستوه‌ته‌گه‌ڕ به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕه‌كان بۆ پێش هاتنی كۆرۆنا.

ئه‌وه‌شی خستەڕو، له‌كاتی دروستبونی حكومه‌تی نوێی عێراقه‌وه‌ جۆرێك له ‌سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی دروستبوه‌، له‌و روه‌شه‌وه‌ ده‌یان كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زیر و به‌رپرسانی عێراق كردوه‌، له‌و روه‌شه‌وه‌، له‌هه‌وڵدان تا زیاتر په‌یوه‌ندیه‌ ئابوریه‌كان گه‌شه‌ بكه‌ن.




خەندان-
Top