وەزیری دارایی عێراق: نزیکەی 100 ملیار دۆلار قەرزمان لەسەرە

وەزیری دارایی عێراق: نزیکەی 100 ملیار دۆلار قەرزمان لەسەرە
وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق نزیکەی 100 ملیار دۆلار قەرزدارە و ناوەڕاستی مانگی داهاتووش حکومەت بەرنامەی چاکسازیی بەتەواوی رەوانەی پەرلەمان دەکات.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا گوتی: عێراق نزیکەی 100 ملیار دۆلار قەرزدارە بە قەرزی کەنداوەوە، بەتایبەتی سعودیە و کوێت.

لەبارەی ئەو قەرزانەوە، د. ئەحمەد سەفار روونیکردەوە، 25 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکییە، 40 ملیار قەرزی کەنداوە و 55 تریلیۆن دیناریش قەرزی ناوخۆییە، بەڵام لەبارەی قەرزی کەنداوەوە تاوەکو ئێستا ئەو وڵاتانە داوای ناکەنەوە و عێراقیش خۆی لێ بێدەنگ کردووە.

لەبارەی دواکەوتنی بەرنامەی چاکسازی حکومەت، بڕیاردەری لیژنەی دارایی رایگەیاند، کە وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی کۆرۆنا و ئەو قەیرانەی بەرۆکی عێراقی گرتووە نەیتوانیوە بەرنامەکە لە وادەی خۆی رەوانەی پەرلەمان بکات، لیژنەیەکی پسپۆڕ، کە لە 40 کەسی پسپۆڕی بوارە جیاجیاکان پێکهاتوون، سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرنامەی چاکسازیین، کۆتایی ئەم مانگە بەرایی پرۆژەکە رەوانەی پەرلەمان دەکەن و لە 15ی مانگی داهاتوو پرۆژەی چاکسازی بەتەواوی دەنێرنە پەرلەمان.

لە دانیشتنی رۆژی شەممەی رابردووی پەرلەمانی عێراق، بڕیاردرا رۆژی سێشەممە یاخود پێنجشەممە وەزیرانی دارایی و پلاندانانی عێراق بچنە پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری زارەکی بدەنەوە لەبارەی دواکەوتنی بەرنامەی چاکسازیی، کە پێشتر پەرلەمان بەو مەرجە رەزامەندی لەسەر یاسای قەرز دا، کە دەبێت حکومەت لەماوەی 60 رۆژدا بەرنامەی چاکسازی رەوانەی پەرلەمان بکات، بەڵام نزیکەی دوو هەفتەیە وادەکە تەواو بووە، هێشتا حکومەت پرۆژەکەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە .


rudaw
Top