گوتەبێژی کازمی: دەستوور دەبێتە بنەمای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا

گوتەبێژی کازمی: دەستوور دەبێتە بنەمای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق بەرپرسیارە بەرامبەر هاووڵاتییانی کورد، بەڵام بۆ بابەتی رێککەوتن لەسەر مووچە داوادەکات هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور، پرسی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بێت و دەڵێت "لە رێککەوتنی ئەمجارەدا دەستوور بنەما دەبێت".

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئابی 2020 کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی سازکرد، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر بودجەی گشتی و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، رێککەوتنی ئەم دواییانە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە و گوتیشی "بەندەکانی ئەو رێککەوتنە و ئەنجامەکەی ئەوەیە، کە دەوڵەت لە بەرامبەر هاووڵاتییانی کورد بەرپرسیارە".

هەر لەبارەی ئەو رێککەوتنەی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی، مەلا تەڵاڵ گوتی "کاتێک حکومەت پارەی ناردووە، هەستیکردووە کە هاووڵاتییانی کوردستان پێویستیان بەو پارەیە، بەپێی ئەو رێککەوتنە حکومەت پێویستبووە ئەو پارەیە بنێرێت".

گوتەبێژی کازمی باسی لە بەند و مەرجەکانی ئەو رێککەوتنە کرد و گوتی "ئەو رێککەوتنە بەند و مەرجی تێدایە و دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێن و بەندەکانی رێککەوتنەکە و دەستوور بێت، پابەندبێت بە بابەتی نەوت و داهاتی دیکە، لەوانەش دەروازەکان، ئەمە رێککەوتنێکی قۆناخییە تاوەکو بودجەی 2021 پەسند دەکرێت، ئەو رێککەوتنە بۆ بودجەی داهاتوو دەگوازرێتەوە و بە دیالۆگ و گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوام چارەسەر دەکرێت".

شاندی هەرێمی کوردستان ئێستا بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، بەتایبەت پرسی مووچە و بودجە. لەوبارەیەوە مەلا تەڵاڵ جەختیکردەوە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون گفتوگۆکان بەردەوام بێت "بۆئەوەی هەموو ئاستەنگییەکان چارەسەربکرێن و هەردوولا پابەندی پابەندبوونە دەستوورییەکانیان بن و دەستوور دەبێتە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە".

هەر ئەمڕۆ لە بەغدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، کازمی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیکردووەتەوە لە هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا. هەروەها تاوتوێی ئەو ئاڵنگارییانە کراوە کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدای کرد و یەكەم كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی باڵای حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكوەزیران بەڕێوەچوو.

سە‌میر ھە‌ورامی، گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو شاندی حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی عێراق لەبارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان بە‌ڕێوە‌چوو، بە‌تایبە‌تی پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان و چۆنێتی جێگیركردنیان لە‌ پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021.

گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان. چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە ئەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستووری عێراق بخەنە بەردەستی شاندی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.

سەمیر هەورامی دەڵێت: "حكومە‌تی ھە‌رێمی کوردستان ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نانە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان


rudaw
Top