لایەنەکانی عێراق لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکۆکن

لایەنەکانی عێراق لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکۆکن
ناکۆکیی لایەنەکان نەیهێشت پاشکۆی یاسای ھەڵبژاردن بخرێتە کارنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان و تێپەڕێندرێت کە تایبەتە بە دیاریکردنی بازنەی ھەڵبژاردن.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەی یاسایی راسپارد ئەو پرسە لەگەڵ فراکسیۆنەکان یەکلابکەنەوە بۆ ئەوەش دەست بە گفتوگۆی نێوانیان کرا، بەڵام ھێشتا ئاسۆی رێککەوتن دیار نییە، کورد ھەر لە سەرەتاوە دەنگی بە یاسای ھەڵبژاردن نەداوە و لەسەر بازنەی ھەڵبژاردنیش بۆچوونی وایە کە عێراق بکرێتە یەک بازنەی ھەڵبژاردن، یانیش ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت.

رێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "تەواوی کوتلە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەدان کە بازنەی ھەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق بێت، یانیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پێشتریش کێشەمان لەگەڵ یاساکەدا ھەبووە، چونکە بەگوێرەی ئەو یاسایە دەنگەکانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم وەکو کەرکووک و موسڵ بەفیڕۆ دەڕوات، چونکە ھەندێک لە قەزاکانی کەرکووک و موسڵ ناتوانن نوێنەریان ھەبێت و پێویستە ئەوکات لەگەڵ قەزاکانی نزیکی خۆیان دەنگەکانی تێکەڵبکرێت، گەر لەگەڵ قەزایەکی زۆرینە عەرەب تێکەڵبکرێن لەکاتی ئەو دەمجکردنە، دەنگەکانی کورد دەفەوتێت".

ناکۆییەکان قوڵن و پێناچێت بە ئاسانی خەونی ئەوانەی بەدوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەن بەمزووانە بێتە دی، سائیروونی موقتەدا سەدر لەگەڵ ئەوەن ھەر شارۆچکەیەک بازنەیەکی ھەڵبژاردنی ھەبێت، فەتحی ھادی عامری داوای ئەوە دەکات ھەر پارێزگایەکی بچووک یەک بازنە و پارێزگا گەورەکان چەند بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت. نەسری حەیدەر عەبادیش لەگەڵ فرە بازنەییدایە و دەوڵەتی یاسای نووری مالکی پێی باشە عێراق یەک بازنە بێت، حیکمەی عەمار حەکیمیش فرەبازنەیی دەوێت و سوننەکانیش لەگەڵ ئەوەن ھەر شارۆچکە و بازنەیەک بێت.

لەنێوان ئەم ناکۆکییانەدا ئاراستەیەک ھەیە کە پرسەکە بخرێتە دەنگدانەوە و دەنگی پەرلەمانتاران یەکلایی بکاتەوە.

حەسەن خەڵاتی، پەرلەمانتاری حیکمە دەڵێت "بە دڵنیاییەوە ماددەیەکی یاسایی نییە کە ھەمووان لەسەری کۆکبن، بۆیە لەسەر پرسی بازنەی ھەڵبژاردن ناکۆکیی گەورە ھەیە و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەین، ئەو بابەتە بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاراستەیەک ھەیە کە ئەو پرسە یەکلادەکرێتەوە لە ماوەی ئەم ھەفتەیە یان ھەفتەی داھاتوو".

پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019دا، یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسندکرد، تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەپێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان، ئەویش بڕگەی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە، کە بڕیارە لە ئاستی پارێزگاوە بچووک بکرێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن.


rudaw
Top