بەغدا.. بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هاوپەیمانان تەقییەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 6-9-2020، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی سەر بە هاوپەیمانان کاری دەکرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی هەروەها رایگەیاندووە، کە بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەی شوعلە لە بەغدا بە ئۆتۆمبێلەکەدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە پۆلیسێکی عێراقی و هاوڵاتییەک بریندار بوون.
پۆلیسەکە ئەرکی پاراستنی ئۆتۆمبێلەکەی سەر بە هاوپەیمانانی لە ئەستۆ بووە و هاووڵاتییەکەش لەکاتی تەقینەوەی بۆمبەکە، بە شوێنەکەدا رەت بووە.
بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای تیرۆریستی، تائیفی و توندڕەو لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە.
ئەو گرووپ و میلیشیایانە بەردەوام کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن.
باسنيوز