پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراق چاوەڕێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 2020/09/06 شاندەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بچنەوە بەغدا تاوەکو پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق یەکلا بکرێتەوە و جێگیر بکرێت.
رووداو زانیویەتی حکومەتی عێراق نیازی وایە ھاوشێوەی بودجەی ساڵی 2019 لەبەرامبەر داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتی دەروازە سنورییەکاندا پشکی ھەرێمی کوردستان بە 12,67٪ جێگیربکات.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کوردستان حەزی لە رێککەوتنێکی کۆتاییە کە لەسەر بنەمای دەستوور بێت. شایستە و مافی خەڵکی کوردستان ھەر وەک چۆن لە دەستووردا دیاریکراوە پێی بدرێت و جێگیربکرێت. ئەگەر ھیوا نەبێت، گفتوگۆ بەردەوام نابێت. بەدڵنیاییەوە ھیوا ھەیە، نیەتێکی پاک ھەیە، ئیرادە لەنێوان ھەردوو لادا ھەیە. ھەروەھا ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەش ھەنگاو و دەرفەتێکە بۆ گەیشتنە رێککەوتن".
پێنج رۆژە شاندێکی ھونەریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق لە بەغدان. ئامانجی ئەو شاندە خستنەڕووی داھات و خەرجیی ھەرێمی کوردستانە و پاشان جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتیدا.
مەحموود ئەبو ریشە، پەرلەمانتاری سائیروون بە رووداوی راگەیاند، "ناکۆکییەکان زیاتر لەسەر ھەناردە و داھاتی نەوت و بەشێک لەو شایستە داراییانەی ھەرێمی کوردستانە کە رادەستی حکومەتی ناوەندیی نەکردوە. ئەو ناکۆییەکان ساڵانێکە بوونەتە گرێکوێرە و تاوەکوو ئێستا یاسایەک نییە ئەو کێشانە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا یەکلایی بکاتەوە. چارەسەر ئەوەیە گفتوگۆ و لێکتێگەشتن لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ناوەند بکرێت. ھەروەھا یاسایەک دەربچێت کە نە حکومەتی ناوەندی و نە حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرپێچی ئەو یاسایە بکەن".
تا کۆتایی ئەمساڵ بەپێی دوایین رێککەوتنی کاتیی ھەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مانگانەی 320 ملیار دینار. بەپێی دوایین نووسراوی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بێت، مستەفا کازمی داوایکردووە پشت ببەسترێت بە رێکەوتنە کاتییەکەی نێوان ھەردوو حکومەت و پاشان بنەمایەک بۆ رێکەوتنی درێژخایەن لە چواچێوەی پرۆژەیاسای بودجەدا دابنرێت.
rudaw