پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 169 پەرلەمانتار کۆدەبێتەوە
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5-9-2020، یەکەم دانیشتنی وەرزی یاسادانانی یەکەم لە ساڵی یاسادانانی سێیەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمای عێراق، دەستی پێکرد.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی و بە ئامادەبوونی 169 ئەندام لە کۆی 329 ئەندامی پەرلەمان، دەستی پێکرد.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، کە زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بە تووشبوونی ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار بەو پەتایە دەکەن، کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق راگیرابوون.
پێشتر ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی بڵاو کردەوە، کە چەند بڕگەیەک لەخۆ دەگرێت.
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە:
- راپۆرتی لێژنەی یاسایی لەبارەی فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردن
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای داواکاری گشتی
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای یەکسانکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکان
باسنيوز