نەتەوە یەکگرتوەکان: هەر گومانێک سەبارەت بە لایەنگیریمان هیچ بنەمایەکی نییە
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی رێکخراوەکە لە موسڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە ژێر رێنمایی بنەمای بێلایەنیدا خزمەتی هەمو خەڵکی عێراق دەکات، بونی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق خۆیەتی کە لەگەڵ ئەودا لە نزیکەوە هەماهەنگی و هاوکاریی ئەنجام دەدات، چالاکییەکانیشمان، کە بەگوێرەی ئەرکی پێسپێردراومان ئەنجام دەدرێن، پشتگیریی زۆر گرنگن لەبواری مرۆیی و سیاسی و مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن و گەشەپێداندا کە سودیان بۆ هەمو خەڵکی عێراق هەیە لەسەرتاسەری وڵاتدا".
کارمەندەکانیشمان لەبەر رۆشنایی بنەمایەکانی دەستوری نەتەوە یەکگرتوەکاندا کار دەکەن
ئاماژەی بەوەشکردوە، عێراق خۆشی یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، "ئێمە کارەکانمان بە هەماهەنگی و هاوکاریی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتە هەرێمی و نیشتمانییەکاندا و هەروەها بە پابەندبونی تەواویش بە یاسا بەرکارەکانەوە ئەنجام دەدەین، هەروەها کارمەندەکانیشمان لەبەر رۆشنایی بنەمایەکانی دەستوری نەتەوە یەکگرتوەکاندا کار دەکەن و پێشیانەوە پابەندن کە بریتین لە بێلایەنی و هەڵسوکەوتی بێخەوشانە".
هەر بۆچون و گومانێکیش سەبارەت بە لایەنگیریی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ رێکخراوەکانی دیکە یان بۆ هەر وڵاتێکی دیکەی ئەندام هیچ بنەمایەکی نییە
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق باسی لەوەشکردوە، "هەر بۆچون و گومانێکیش سەبارەت بە لایەنگیریی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ رێکخراوەکانی دیکە یان بۆ هەر وڵاتێکی دیکەی ئەندام هیچ بنەمایەکی نییە و بگرە بە پێچەوانەوەشەوە ئەم جۆرە بۆچوونە بێ بنەمایانە زیاتر زیان بە خەڵکی عێراق خۆیان دەگەیەنن، کە نەتەوە یەکگرتوەکان خوازیاری یارمەتیدانیان".
خەندان