کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکەنەوە
دوای ماوەیەک لە وەستانیان، کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکەنەوە.
بڕیارە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5-9-2020، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.
پێشتر سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، رۆژی شەممە یەکەم دانیشتنی وەرزی یاسادانانی یەکەم لە ساڵی یاسادانانی سێیەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمای عێراق، بەڕێوە دەچێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، کە زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بە تووشبوونی ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار بەو پەتایە دەکەن، کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق راگیرابوون.
ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی بڵاو کردووەتەوە، کە چەند بڕگەیەک لەخۆ دەگرێت.
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە:
- راپۆرتی لێژنەی یاسایی لەبارەی فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردن
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای داواکاری گشتی
- پێشکەشکردنی راپۆرتێک و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای یەکسانکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکان
باسنيوز