وەزارەتی تەندروستیی عێراق: دەترسین دامەزراوە تەندروستییەكانمان كۆنتڕۆڵی ڕەوشەكەیان لەدەست بچێت
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری لە لەدەستدەرچوونی دۆخەكە دەدات و رای دەگەیەنێت كە بەهۆی پابەندنەبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵكەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێژەی تووشبوانی پەتای كۆرۆنا بەرز دەبێتەوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوێك كە نیوەشەوی رابردوو بڵاو كراوەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە وێڕای هۆشدارییەكانی وەزارەتەكەیان و جەختكردنەوەی بەردەوام لەسەر زەروورەتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی، وەك بەستنی ماسك و دووركەوتنەوەی جەستەیی و قەدەغەكردنی گردبوونەوەی خەڵكی و تێكەڵبوون، بەڵام ڕۆژی هەینی ٤ی ٩ی ٢٠٢٠، عێراق بەرزترین ڕێژەی تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا تۆمار كردووە، بەهۆی پابەندنەبوونی زۆربەی هاووڵاتیان بە ڕێوشوێنەكان، هەروەك چۆن لە دوای جەژنەكانی رەمەزان و قوربانی ڕابردوو ڕووی دا و بووە هۆی بەرزكردنەوەی تووشبوان و مردوان.
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە سەرەڕای پابەندبوونی زۆرێك لە كۆڕەكانی حوسەینیە بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی، بەڵام “دەبینین زۆر گردبوونەوەی گەورە لە زۆر شوێنی وەك شەقام، بازاڕ، چێشتخانە و شوێنیتر دەكرێن، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێك بگیرێتە بەر، ئەمە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان و پێشبینیش دەكرێت كە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بەرزتر ببێتەوە”.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری داوە و رای گەیاندووە: “ئەوەی لێی دەترسین ئەوەیە كە دۆخەكە بگاتە ڕادەیەك، دامەزراوە تەندروستییەكانمان كۆنتڕۆڵ لەدەست بدەن و نەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو ژمارە گەورەیەی تووشبوان بكەن و لە ئەنجامدا ژمارەی مردوان بەرز ببێتەوە، لە كاتێكدا چەند هەفتەی رابردوو هەنگاوێكی گەورەمان تێپەڕاند و ژمارەكە دابەزی”.
ئەوەش وەبیر هاووڵاتیانی عێراقی هێندراوەتەوە كە زۆر لە وڵاتانی دونیا هەموو جومگەكانی ژیانیان ئاسایی كردۆتەوە، پاش ئەوەی ژمارەی تووشبوانی پەتای كۆرۆنا دابەزیوە لە ئەنجامی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی.
لە كۆتاییشدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوای لە هاووڵاتیان كردووە، پابەندی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی ببن، بە تایبەتیش بەستنی ماسك و دووركەوتنەوەی جەستەیی لە یەكتر و پاككردنەوەی دەستەكان.
تا ئێستا لە عێراق ٢٥٢ هەزار و ٧٥ كەس تووشی پەتای كۆرۆنا بوون كە تەنیا دوێنێ پێنج هەزار و ٣٦ كەس تووشبوون، لەم ژمارەیە ١٩١ هەزار و ٣٦٨ كەس چاكبوونەتەوە و حەوت هەزار و ٣٥٩ كەسیش كۆچی دواییان كردووە، ٥٣ هەزار و ٣٤٨ كەس چارەسەر وەردەگرن كە ٤٩٥ كەسیان لە ژێر چاودێریی چڕدان.
باسنيوز