پەرلەمانی عێراق.. هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەدرێت
میدیا عێراقیەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە هەوڵى چڕ هەیە بۆ تێپەڕاندنى پرۆژەیاساى خزمەتى سەربازىی زۆرەملێ، بەڵام حکوومەتی عێراق لەم قۆناغەدا، بە هەموو شێوەیەک ئەو هەوڵانە رەت دەکاتەوە.
خزمەتى سەربازىی زۆرەملێ لە عێراق لەدواى ساڵى 2003 ەوە وەستاوە، ئەوەش دواى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى سوپای رژێمی بەعس دێت، بەڵام ئێستا و بەپێی زانیارییەکان، هەوڵێک لە پەرلەمانی عێراق و لێژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ دووبارە زیندووکردنەوەى خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ، لە رێگەى پەسەندکردنى پڕۆژەیاساکەیەوە هەیە.
بەدر زیادى، ئەندامى لێژنەى ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانى عێراق، بە رۆژنامەى (سەباح جەدید)ى عێراقى ڕاگەیاندووە، پڕۆژەیاسای خزمەتى سەربازىی زۆرەملێ ماوەیەکە ئامادە کراوە و هەندێ گفتوگۆى لەسەر کراوە بۆ گەیشتن بە داڕشتنى کۆتایی و ئامادەکردنى بۆ دەنگدان لەسەرى.
بەدر زیادی هەروەها رایگەیاندووە، پڕۆژەکە لەلایەن لێژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادە کراوە و یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی ئەو لێژنەیە، ”پێدەچێت لەکۆبوونەوەکانى پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە".
بەپێی پڕۆژەیاساکە، بەسەربازیگرتنى ناچارى سەرجەم ئەو تەمەنانە دەگرێتەوە، کە لەدواى ساڵى 2003 و روخانى رژێمى سەدامەوە نەخراونەتە بەر خزمەتى سەربازی.
بەڵام د.ناسڕ هەرکی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، لەم قۆناغەدا، کە چەک بە دەستی میلیشیاکانەوەیە و هەمووان لە ژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا نین، ”ئەستەمە بتوانرێ خزمەتی سەربازی زەرەملێ لە عێراق جێبەجێ بکرێت.
ناسر هەرکی جەختی لەوە کردەوە، کە راستە بابەتەکە لە لێژنەکەیان و لەناو پەرلەمانتارانیش باسکراوە، بەڵام نەبووەتە بابەتی فەرمی و تاوەکو دۆخی عێراق بەوشێوەیە بێت، ”لەو بڕوایەدا نیم ئەو یاسایە بچێتە قۆناغی دەنگدانی پەرلەمانتارانەوە و دەنگی پێویست بهێنێت، چونکە رای جیاوازی زۆری لەسەرە”.
باسنيوز