وەزیری نەوتی عێراق: هەرێمی کوردستان هێشتا بەبێ پرسی بەغدا نەوت هەناردە دەکات

وەزیری نەوتی عێراق: هەرێمی کوردستان هێشتا بەبێ پرسی بەغدا نەوت هەناردە دەکات
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند هەرێمی کوردستان هێشتا بەبێ پرسی حکومەتی فیدراڵ نەوت هەناردە دەکات.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، رۆژی چوارشەممە 2-9-2020 لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان هێشتا بەبێ پرسی حکومەتی فیدراڵ نەوت هەناردە دەکات، لەگەڵ ئەوەش عێراق لە سێ مانگی داهاتوودا پابەند دەبێ بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس تایبەت بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو".

ئیحسان عەبدولجەبار راشیگەیاند: "هەوڵدەدەین بۆ بەخشینی عێراق لە پابەندبوونی بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، تایبەت بە کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو. لە سێ کۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئۆپێک گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو وەزیرانی وڵاتانی گەورە بەرهەمهێنەر و ئەندام لە ئۆپێک کردووە بۆ بەخشینی عێراق لە پابەندبوون بەو رێککەوتنە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2021".

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشی کرد: "دەستمان بە وەرگرتنی داواکاری بازرگانی و تەکنیکی کردووە تایبەت بە راکێشانی بۆڕیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەسرە بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن بە درێژی 1700 کیلۆمەتر و توانای رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل، بۆیە پێشبینی دەکەین لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2021 پرۆژەکە بەتەواوەتی بدرێتە لایەنێک بۆ جێبەجێکردنی".

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا جێبەجێکردنی پرۆژەی راکێشانی بۆڕی بەسرە-عەقەبە لە دیوی عێراق لەسەر بودجەی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێ، لە دیوی ئوردنیش بەشێوازی وەبەرهێنان دەبێ، سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیەش دەبێتە هۆی پەلەکردن لە چاککردنەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.

وەزارەتی نەوتی عێراق پێشتر رایگەیاند لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ساڵی 2020 بەرهەمهێنانی نەوتی خاو رۆژانە بە بڕی 1 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە، چونکە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2020 بە تەواوی پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس نەبوو.

بەپێی دوا رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2020 واژۆکرا، دەبێ هەردوولا کار بۆ یەکخستنی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2021 بەپێی دەستوور، ژمارەی دانیشتووان، داهاتی نەوت و نانەوتی دەبێ.



rudaw
Top