عێراق داوای بەخشین لە بڕیارێکی ئۆپیک دەکات
عێراق داوایەک لەبارەی بڕیاری کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئاراستەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-9-2020، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (واع) لە زاری ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی وڵاتەکە بڵاوی کردووەتەوە، کە عێراق پەیامەکەی بۆ وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک ناردووە.
پەیامەکەی عێراق بریتییە لە بەخشینی ئەو وڵاتە لە بڕیاری کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە.
ئەو داوایەی عێراق بەهۆی ئەوە دێت، کە ئەو وڵاتە تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووە، کە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، گەیشتووەتە ئەو بارودۆخە.
رۆژی 12-4-2020، ئۆپیک پڵەس (وڵاتانی ئەندام و نائەندامی ئۆپیک) گەیشتنە رێککەوتنێکی مێژووویی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە سەرەتای مانگی 5ـی ئەمساڵەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخەکەی.
بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، کە تا ئێستا 25 ملیۆن و 909 هەزار و 38 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی بوون و لەو ژمارەیەشدا 862 هەزار و 86 کەس گیانیان لەدەست داوە، نرخی نەوتی جیهانی بۆ کەمتر لە 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دابەزی.
باسنیوز