دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق: رێگەنادەین فڕۆکە مەدەنییەکانی تورکیا لە فڕۆکەخانەکانمان بنیشنەوە
مەنسوور، ناوەندی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییە. زۆربەی کۆمپانیاکان چۆڵن. خاوەنی کۆمپانیایەک داخستنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و عێراق زیانی یەک ملیۆن دۆلاری پێگەیاندووە و دەڵێت، پێش داخستنی رۆژانە نزیکەی 100 کەس لێرە تکتی فڕۆکەیان دەبڕی.
ھەیسەم محەممەد، خاوەن کۆمپانیا دەڵێت "گەشتەکانی تورکیا گرنگترین ئاراستەی گەشتیارانی عێراقە، چونکە راھاتوون لێرەوە بۆ ئیستەنبووڵ بچن، ئەوەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە وەکو گەشتیاری، خوێندن و چارەسەر، بۆیە ھەڵپەساردنی گەشتەکان زیانی زۆری لێکەوتەوە بۆ کۆمپانیاکان بەتایبەت و بۆ خەڵکیش، ئەوانەی کە کاریان لەوێیە، وەکو بازرگانی و خوێندن و ھتد".
بڕیاربوو لە سەرتای ئەم مانگەوە گەشتەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەستپێبکەنەوە، بەڵام هەڵپەساردنی گەشتەکان ماوەی مانگێکی دیکە درێژکرایەوە.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی دەڵێت "ئێمەش وەکو دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، وەکو ئەوان [تورکیا] مامەڵە دەکەین و لێناگڕێین فڕۆکەکانی تورکیا لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بنیشنەوە، بێگومان کارکردن لەنێوان عێراق و تورکیا زۆرە، بێگومان ھاووڵاتییانی عێراقی زەرەرمەند دەبن لەم بڕیارە".
تورکیا یەکەمین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و سێیەمین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەشێوەیەک کە ساڵی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار گەشتیاری هەرێمی کوردستان و عێراق گەشتی تورکیایان کردبوو.
rudaw