لووتکەی سێقۆڵی دەبێتە ئامانجی هەندێک لایەنی شیعە

لووتکەی سێقۆڵی دەبێتە ئامانجی هەندێک لایەنی شیعە
ماوەی چەند رۆژێکە، ئەو میلیشیا چەکدارانەی عێراق کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، دەستیان بە هێرشی میدیایی بۆ سەر ئوردن کردووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو وڵاتە، رۆڵی هەبوو لە گفتوگۆی سێقۆڵی لە نێوان عێراق، میسر و ئوردندا.

ئەو میلیشیایانە، لە رێگەی مینبەرە میدیاییە جیاوازەکانی خۆیانەوە، هەروەها لە رێگەی لێدوانی سەرکردە و فەرماندەکانیانەوە، ئوردن تۆمەتبار دەکەن بە تێوەگلان لە "پیلانێکی ئەمریکی ئیسرائیلی'"وەک ئەوەی ئەوان ناویان ناوە، کە لە ئوردن جێبەجێدەکرێت، بۆ مەشقدانی هەندێک کەس لەسەر ئەنجامدانی کردەی تیرۆرکردن و تەقینەوە "لەپێناو زڕاندنی ناوی گرووپە بەرهەڵستکارەکان". لە نێویاندا ئەنجامدانی ئەو کردە تیرۆرییانەی لە ماوەی رابردوودا، چالاکڤانانی عێراقی گرتەوە.

چاودێرانی عێراقی پێیانوایە ئەو هەڵچوونە، لە دوای لوتکەی سێقۆڵی نێوان عێراق، ئوردن و میسر دێت، کە بووە هۆی تێگەیشتن و رێککەوتن لە نێوان هەر سێ وڵات، کە زۆرینەیان پەیوەندییان بە بواری بازرگانی نێوان هەرسێ وڵاتەوە هەیە.

چاودێرەکان پێیانوایە ئەو دوو دەوڵەتە "میسر و ئوردن"، رکابەری نوێی ئێرانن لە بازاڕی عێراقدا، ئەوەش بیانوویەکی بەسە بۆ میلیشیا پەیوەندیدارەکانی ئێران، تاوەکو لەگەڵ ئوردندا ئاژاوەیەک بنێنەوە.

رۆژی 25ی مانگی ئاب، لە عەممانی پایتەختی ئوردن، کارەکانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان شا عەبدوڵڵای دووەم (شای ئوردن)، عەبدولفەتاح سیسی (سەرۆکی میسر) و مستەفا کازمی، (سەرۆکوەزیرانی عێراق) کۆتاییهات. راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکە، چەندین خاڵی لە خۆ گرتبوو، لە نێویاندا فراوانکردنی هاریکاریی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەر سێ وڵات، بۆ باشترکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرسێکیان.

قەیس خەزعەلی، فەرماندەی میلیشیاکانی عەسائیب کە یەکێکە لە دیارترین گرووپە چەکدارییە پشتگیریکراوەکانی ئێران، لە رێگەی میدیاکانی گرووپەکەیەوە هێرشی کردە سەر ئوردن و گوتی "ئوردن گرووپی چەکداری کەسانی عێراقی مەشقدەدات، بە سەرپەرشتی هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تیرۆرکردن و تەقاندنەوەی بۆمبی چێنراو و لکێندراو".

قسەکانی خەزعەلی، وەڵامی ئەو تۆمەتانەبوون کە ئاراستەی میلیشیاکانی عێراق دەکرێن، لە بەئامانجکردن و تیرۆرکردنی چالاکڤانەکانی عێراق، ئەو گوتی "گرووپی پێکهاتوو لە عێراقییەکان هەیە لە شارە جیاوازەکاندا، کە بە ئەندامکراون و لە دەرەوەی وڵات مەشقدراون، زۆرینەی ئەوانە لە ئوردن مەشقیان پێکراوە بە سەرپەرشتی هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل".

خەزعەلی سەرنجیڕاکێشاوە کە ئەو کەسانە "مەشقدراون لەسەر کوشتنی خەڵک بە دەمانچەی بێدەنگ، بەکارهێنانی بۆمبی لکاو، پرۆسەکانی پێکان بە قەناسە"، درێژەی دایە کە "23 گرووپ مەشقدراون و پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە و ئەوان، ئێستا لە بەغداد و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتن، ئامانجیان پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا، بەسڕە و زیقارە، هەر ئەوان بەرپرسن لە کردەکانی تیرۆرکردن و کاردەکەن بۆ هەڵچوونی زیاتری دۆخی ئاسایش".

لە بەرامبەردا، 'هاوپەیمانیی فەتح' کە رووکاری سیاسیی هێزەکانی حەشدی شەعبییە، رایگەیاند رێککەوتنەکانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئوردن و میسردا، پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و تائەوە روونەدات، جێبەجێناکرێت.

عامر فایز، ئەندامی هاوپەیمانیی 'فەتح' قسەی بۆ میدیا ناوخۆییەکانی عێراق و نزیک لەو گرووپانە کردووە و دەڵێ "عێراق پابەندی جێبەجێکردنی هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئوردن و میسر نییە، حکومەت پێویستە لەسەری کۆنووسی هەموو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان بهێنێتە پەرلەمان، لەپێناو ئاگاداربوون لێیان و دەستنیشانکردنی وادە بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت"، ئەو زیاتر رایگەیاندووە "عێراق پابەندی هیچ بەڵێنێکی لوتکەی سێقۆڵی نابێت، بەبێئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت".

کەناڵی ئاسمانیی 'ئەلئیتیجاه' کە سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، هەڵمەتێکی بۆ سەر رێککەوتنە سێقۆڵییەکە دەستپێکردووە ودەڵێت ئەو کۆبوونەوانەی ئەوێ هیچ سوودیان نییە و عێراق زیانمەند و ئوردن و میسر سوودمەندی ناو کۆبوونەوەکانن. زیاتر دەڵێ ئەوەی لەوێ رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە زیانی ئابووریی عێراقە و لووتکەکە بە گوشاری ئەمریکا کراوە.

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، قسەی بۆ ماڵپەری 'ئەلعەرەبی ئەلجەدید' کردووە و نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات. ئەو پێیوایە شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە گوێبیستی ئەو چیرۆکانە ببین، چونکە رێککەوتنەکە بەدڵی ئێران نییە و هەڕەشەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی عێراق، لەلایەن ئێرانەوە و سەرچاوەی بازاڕی عێراقی فرەڕەنگ دەکات. ئاماژەی بەوەداوە کە ئاساییە هێزە پشتگیریکراوەکانی ئێران لە ناو عێراقدا بەتایبەت هێرش بکەنە سەر ئوردن.

ئەو ئاشکرایکردووە، رێککەوتنەکان وەک خۆیان جێبەجێدەکرێن و لەم مانگەدا (ئەیلوول) شاندێکی عێراق سەردانی ئوردن دەکات، بۆ بەدواداچوونی هەندێک دۆسیە. ئاماژەی بەوەداوە کە هەڵچوونە میدیاییەکانی ئەو گرووپانە، کاریگەریی خۆیان لەدەستداوە و پشت بەهیچ راستییەک نابەستێت و بۆچوونی شەقام بەو جۆرە نییە کە ئەوان رایدەگەیەنن.

ئەو دەڵێ هاوبەشی لەگەڵ ئوردندا، رێگە بۆ عێراق دەکاتەوە تاوەکو دەروازەی دیکەی نەوتی دوور لە تەنگەی هورمز و بەندەری جەیهانی تورکی هەبێت، ئەوەش دەرچەیەکی فراوانتر و تایبەتمەندی ئایندەیی بە عێراق دەبەخشێت. ئاماژەی بەوەداوە کە هەڵەیە ئەگەر بیر لەوە بکرێتەوە، لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئوردن، سوودی بۆ عێراق نابێت، بەتایبەت لەبارەی بۆریی بەسڕە و بەندەری عەقەبەوە.

ئەحمەد ئەلحەمدانی، پسپۆری سیاسی، بە 'ئەلعەرەبی ئەلجەدید'ی راگەیاندووە کە تۆمەتبارکردن و بەخشینەوەی تۆمەت بەسەر ئوردن و میسردا، رووداوێکی کۆنە و ناوە ناوە لەلایەن گرووپە پشتگیریکراوەکانی ئێرانەوە سەرهەڵدەداتەوە، هەر ئەوەندەی عێراق هەنگاوێک بنێت بۆ کرانەوە بەڕووی چواردەوری عەرەبیی خۆیدا.

ئەو زیاتر دەڵێت: "تۆمەتبارکردنەکان هیچ کاریگەرییەک لەسەر شەقامی عێراقی دروست ناکەن، دووپاتیدەکاتەوە کە شەقامی عێراقی پێشتر دەزانێ کێ قوربانییەکان دەکوژێ و حکومەت لە ژێر گوشاری میلیشیاکاندایە، بۆ ئەوەی ملکەچبوونی خۆی بۆ ئەجێنداکانی ئێران لە عێراقدا، زیاتر بکات".




rudaw
Top