عێراق بایی 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە
بە پێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی نەوتی عێراق، كە گەیشتووە و ئەوە خراوەتەڕوو لە مانگی ئابدا عێراق بە بەهای زیاتر لە 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووە، "لە مانگی ئابدا هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتەوە 80 ملیۆن و 490 هەزار بەرمیل نەوت، ئەویش پشت بەست بە ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ".
ئەوەش خراوەتەڕوو، داهاتی فرۆشی نەوتی ئەو مانگە 3 ملیار و 520 ملیۆن دۆلارە، كە ناوەندی نرخ 43.693 دۆلار بووە بۆ یەك بەرمیل.
مانگی ڕابردوو ناوەندی نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی فرۆشراوی عێراق 40.762 دۆلار بووە، كۆی داهاتی نەوتیش 3 ملیار و 490 ملیۆن دۆلار بووە.
پێش هاتنی كۆڕۆنا لەسەرەتای ئەمساڵدا، داهاتی نەوتی عێراق مانگانە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بوو، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، عێراق بۆ دابینكردنی مووچە قەرزی دەرەكی و قەرزی ناوخۆیی كردووە.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بەم دواییە یاسایەكمان لە پەرلەمان دەركرد بە گوێرەی یاساكەش عێراق 15 ترلیۆن دینار لە بانكەكانی ناوخۆ و 5 ملیار دۆلاریش قەرزی دەرەكی كردووه، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی تووشی بووە".
باسنيوز