لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای کڕینەوەی چەک لە هاوڵاتیان دەکات

 لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای کڕینەوەی چەک لە هاوڵاتیان دەکات
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ ئەوەی دیاردەی چەکداری لە عێراق کەمببێتەوە، پێویستە حکومەت چەک لە هاوڵاتیان بکڕێتەوە.

عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیاردەی چەکداری لە نێوان هۆزەکانی عێراق بەتایبەت چەکی قورس و مامناوەند بەتایبەتیش موشەک زۆر مەترسیدارە، چونکە لە ململانێکاندا بەکاردەهێنرێن، لە ماوەکانی رابردوشدا چەندین هاوڵاتی بونەتە قوربانی، بەوەش کێشە و ئاڵۆزی زۆری لەناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروستکردوە.

داوای لەمستەفا کازمی کرد، بۆ بنبڕکردنی چەکداری لەرێگەی پێگەیەکی تایبەتەوە دەست بەکڕینەوەی چەک بکات


ئەو پەرلەمانتارە داواشی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بۆ بنبڕکردنی چەکداری لەرێگەی پێگەیەکی تایبەتەوە دەست بەکڕینەوەی چەک بکات و نرخی باشیان بۆ دیاریبکات، چونکە لەرابردوشدا کڕینی چەک سەرکەوتو بوە و دەتوانرێت لە ئێستاشدا هەمان میکانیزم بۆ کەمکردنەوەی دیاریدەی چەکداری بەتایبەت چەکی مامناوەند و قورس بگیردرێتەبەر.

ەگەر چەک لە هۆزەکان وەربگیرێتەوە و بەردەوام لەلایەن حکومەتەوە بکڕدرێت، کێشەی گەورەی نێوان هۆزەکان کۆتایی پێدێت


ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر چەک لە هۆزەکان وەربگیرێتەوە و بەردەوام لەلایەن حکومەتەوە بکڕدرێت، کێشەی گەورەی نێوان هۆزەکان و ناکۆکییە خوێناوییەکانیان کۆتایی پێدێت.

کێشەی نێوان هۆزەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق روی لەزیادبون کردوە و لە دوای ساڵی 2003ەو ئازادکردنی عێراقەوە دەیان جار شەڕی خوێناوی لەنێوانیاندا رویداوە، دواین روداویشیان دوێنێ لە پارێزگای ئەنبار بو، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە کەسێک کوژراو و دو کەسی دیکەش برینداربون.





خەندان-
Top