خاوەنی کەناڵە سووتێندراوەکەی بەغدا: هێزە ئەمنییەکان هاوکاریی ئاژاوەگێڕەکانیان دەکرد
خاوەنی کەناڵە تەلەڤزیۆنییە سووتێندراوەکەی بەغدای پایتەختی عێراق باس لەوە دەکات، کە هێزە ئەمنییەکان هاوکاریی ئاژاوەگێڕەکانیان دەکرد.
شەوی دووشەممە 31-8-2020، ژمارەیەک کەسی توندڕەو کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (دیجلە)یان لە ناوچەی جادرییەی بەغدا سووتاند و وێنەیەکی ژمارەیەک کارمەندی ئەمنیش لە نزیک شوێنی کەناڵەکە گیراوە و تێیدا دەردەکەوێت، بە سووتاندنی کەناڵەکە دڵخۆشن.
جەمال کەربولی، سەرۆکی پارتی حەلی عێراقی و خاوەنی کەناڵەکە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بە سەیرکردنی سووتانی کەناڵەکە دڵخۆش بوون و رێگایان بە پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە نەدەدا ئاگرەکە بکوژێننەوە و گوتویەتی، ”لە عێراق، دەوڵەت نییە“.
جەمال کەربولی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە توندڕەوەکان 24 کاتژمێر بەر لە سووتاندنی کەناڵی دیجلە، رایانگەیاندبوو، کەناڵەکە دەسووتێنن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هیچ رێوشوێێکیان بۆ پاراستنی کەناڵەکە نەگرتە بەر و بگرە هاوکاریی ئاژاوەگێڕەکانیان کرد.
هەر لە رۆژی دووشەممەدا، دادگای رەسافە لە بەغدا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی گۆرانی و هەڵپەڕکێ لە شەوی عاشورا لە کەناڵی دیجلە، دەستگیرکردنی بۆ جەمال کەربولی دەرکرد.
کەناڵی دیجلەیە بە سووکایەتیکردن بە هەستی شیعەکان، کە لە یادی عاشورادا گۆرانی پەخش کردووە، تۆمەتبار دەکرێت.
عاشورا (10ـی مانگی موحەرەمی ساڵی کۆچی)، لە لایە شیعەکان رۆژی ماتەمە، بەهۆی ئەوەی ئیمام حوسێن، ئیمامی سێیمی شیعەکان لەو رۆژەدا گیانی لەدەست داوە.
باسنيوز