وەزیری دارایی عێراق: شاندێکی گەورە و گرنگی هەرێمی کوردستان دێنە بەغدا
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "ھیوادارین لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا بگەینە ئەو بابەتەی کە پشکی ھەرێمی کوردستان چەندە و دیاریبکرێت، خەرجیاتمان چەندە لە بواری تەشغیلی و وەبەرھێنانی بودجەدا، وەکو قەرەبووی فەرمانبەران و بابەتەکانی دیکە، ئەمانە دەخەینە ناو ئەو کارنامەیەی عێراق ئامادەی دەکات".
بودجەی گشتیی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە حکومەتی عێراق بە پشتبەستن بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە پێشبینیی نرخی نەوت دەکەن لەسەر راسپاردی سندووقی دراوی نێودەڵەتی، بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2021 نرخی نەوتی بە 43 دۆلار خەمڵاندووە. بە گوتەی وەزیری دارایی عێراق، لەم چەند رۆژەی داھاتوودا شاندێکی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
عەلی عەبدول ئەمیر عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند "باسی بابەتی ستراتیژیمان کرد، وەفدێکی گەورە و گرنگ بەمزووانە لە ھەرێمی کوردستانەوە دێن بابەتە ھەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ دەکەن بەوپەڕی شەفافیەتەوە و لە رەشنووسی بودجە دادەنرێت، شاندەکە یان ئەم ھەفتەیە یان ھەفتەی داھاتوو دێن".
بەپێی یاسای دارایی ساڵی 2019ی حکومەتی عێراق، داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە پرۆژەی بودجەی سێ ساڵ ئامادە بکەن، وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەم کۆبوونەوە لە وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجامدرا.
rudaw