باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا: کشانەوەی هێزەکانمان بەندە بە ئامادەیی هێزەکانی عێراق
ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە 31-08-2020، لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە عێراق گوتی "ئەمریکا نایەوێت هێزی سەربازیی خۆی لە عێراق بۆ هەتاهەتایی بهێڵێتەوە یان بنکەی هەتاهەتایی لەوێ هەبێت، هێزەکانی ئەمریکا پێشتر لە عێراق کشانەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 حکومەتی عێراق داوای یارمەتیی لێکردین بۆ شەڕی دژی داعش".
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە "لەگەڵ هاوبەشەکانماندا پێشکەوتنی زۆرمان بەدیهێناوە و لە دوا قۆناخی هەڵمەتی دژی تیرۆرداین و دواتر پێویست ناکات لە عێراق بمێنینەوە، بەڵام لەسەر رۆشنایی ئامادەیی هێزەکانی ئاسایشی عێراق بڕیار لە مانەوەمان یان کشانەوەمان دەدەین، هاوکات بۆ قۆناخی کۆتایی شەڕی دژی داعش گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دەکەین بۆ بڕیاردان لە مانەوە یان کشانەوەمان".
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا باسی لەوەش کردووە "دەزانین دەنگی تووندڕەو هەن بە راددەیەک مووشەک دەهاوێژن و تەقینەوە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان و هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەشی داوای رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا دەکات، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلی عێراق ناکات".
تولەر هەڕەشە دەکات و دەڵێت "ئەگەر گوتاری تووندڕەو زاڵبوو، ئەوا چاو بە زۆر لە بوارەکانی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق دەخشێندرێتەوە، بۆیە راگەیێندراوی کۆتایی (دیداری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ئەمریکا (لە عێراق) بۆ شکستپێهێنانی داعش و پاراستنی سەروەریی عێراقە".
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، 18ـی ئابی 2020 بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا، لەو سەردانەدا کازمی و شاندی یاوەری بە بەهای نزیكەی 8 ملیار دۆلار رێككەوتنیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی واژۆكرد
rudaw