وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەوڵی چەککردنی عەشیرەتەکان دەدات
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دوای شەڕە گەورەکەی دوو عەشیرەتی باکووری بەغدا، بڕیاری سەندنەوەی چەکی لە چەکدارە عەشائیرییەکانی داوە.
لیوا خالید مەحنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە میدیاکانی حکوومەتەکەی راگەیاندووە، شەڕی عەشیرەتەکان مایەی هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگەی عێراقی.
لیوا خالید مەحنا هەروەها رایگەیاندووە، بڕیاری دەستگیرکردنی هەشت چەکداری دوو عەشیرەتەکەی باکووری بەغدا دەرچووە.
رۆژی هەینیی رابردوو چەکدارانی دوو عەشیرەتی شارۆچکەی حوسێنییە لە باکووری بەغدا بە چەکی بچووک و گەورە رووبەڕووی یەک بوونەوە و بەهۆیەوە چەندین خانوو و دوکانی هاووڵاتییان وێران بوون.
باسنيوز