چاودێرێک: چەککردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئاسان نابێت
بورھان فەرەج، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی و چاودێری سیاسی، رایگەیاند، ھەوڵەکانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پشتیوانیی ئەمریکا و سعودیە و کەنداو بۆ چەککردنی حەشدی شەعبی دەستی پێکردوە.
بورهان فەرەج هەروەها رایگەیاند، ئەو ھەوڵەی مستەفا کازمی ئاسان نییە، چونکە لە پشتەوەی ئەوانیش ئێران و ھەموو حزبە عەرەبە شیعەکان ھەن، کە خاوەنی ئەو چەکدارانەن، ”دوو ئەگەر لەبەردەم ئەو ھەنگاوەدا ھەیە، ئەگەر کارێکی وابکرێت، ئەوە عێراق بەرەو دەوڵەت و دامەزراوەی نیشتمانی دەڕوات، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوە شەڕی ناوخۆیی و ئەھلی چاوەڕوانکراوە و ئەوەش کاریگەری خراپ دەکاتە سەر کۆی کەرتەکان لە عێراقدا و بەرەو خراپتر دەڕوات“.
ئەو چاودێرە بەپێویستی دەزانێ کازمی لە دەستبردن بۆ هەر کارێک، هەڵوێستی کورد و سوننە وەبگرێت، ”پێویستە لە ھەموو پرسە چارەنوسساز و گەورەکاندا مستەفا کازمی پرس بە پێکھاتەکان بکات بەتایبەتی کورد و سوننە، بەتایبەتی کورد، چونکە ئەگەر کۆدەنگی لە ھەر پرسێکدا دروست نەبێت، زەحمەتە بتوانرێ ھەنگاوی باش بنرێ“.
باسنيوز