به‌رپرسی خۆپێشاندانه‌كانی به‌سرە: دڵنیانین لە رووحی خۆمان، ئەوەی دەمانکوژێت حیزب و حکومەتە

به‌رپرسی خۆپێشاندانه‌كانی به‌سرە: دڵنیانین لە رووحی خۆمان، ئەوەی دەمانکوژێت حیزب و حکومەتە
هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ زه‌بری چه‌ك، گۆڕه‌پانی خۆپێشاندانه‌كانیان له‌ پارێزگای به‌سرە هه‌ڵگرت، خێوه‌ته‌كانیان تێكداوه‌ و بڵاوه‌یان به‌ خۆپێشانده‌ره‌كان كردووه‌.

له‌و گۆڕه‌پانه‌ی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، 218 خێوه‌ت هه‌بوون، نزیكه‌ی 1000 كه‌س له‌ دانیشتووانی پارێزگاكه‌ خۆپێشاندانیان تێدا ده‌كرد و ئێستا ته‌نیا حه‌وت خێوه‌تی تێدا ماوه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چاودێری ده‌كه‌ن.

له ‌ماوه‌ی 10 مانگی ته‌مه‌نی خۆپێشاندانه‌كان له‌ به‌سرە، 25 خۆپێشانده‌ر كوژراون و 103ـی دیكه‌ش برینداربوون، ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان بڕیاری ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌. بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌كان، ده‌گوترێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌سرە هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن.

مه‌روان عیسام، به‌رپرسی خۆپێشاندانه‌كانی به‌سرە به‌ تۆڕی میدیای رووداوی راگه‌یاند، "به‌خوا ترس بوونی هه‌یه‌، هه‌ندێ گه‌نجمان هه‌یه‌ ده‌ترسن و نایه‌نه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، چونکە پارێزراو نییه‌، به‌سرە بێده‌نگ كرا و دڵنیایی تێدا نییه‌، له‌ شه‌قامه‌كان حكومه‌ت هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌تكوژێ حكومه‌ت و حیزبه‌كانه‌، هه‌موو رۆژێك هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن، دێن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دایك و باوكمان ده‌كه‌ن، ده‌چیته‌ شه‌قامه‌كان و دڵنیانیت له‌ رووحی خۆت".

ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ره‌وشێكی ئه‌منیی خراپ باڵی به‌سه‌ر به‌سره‌دا كێشاوه‌، سوپا براوەتە نێو شار و بازگه‌ ئه‌منییه‌كان خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشییه‌وه،‌ دوای كوژرانی دكتۆر‌ ریهام و ته‌حسین مه‌حه‌مه‌د كه‌ دوو چالاکڤانی مه‌ده‌نی بوون، داوای له‌سه‌ركارلادانی پارێزگار و فه‌رمانده‌ی پۆلیسی به‌سرە ده‌كرێت.

ئه‌سعه‌د عیدانی، پارێزگای به‌سرە ده‌ڵێت، "ئێستا لایه‌نه‌ هه‌واڵگرییه‌كان و هه‌موو لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان كار له‌سه‌ر پلانی تایبه‌ت ده‌كه‌ن به‌ سه‌رپه‌رشتیی راسته‌وخۆی سه‌رۆكوه‌زیران و ناهێڵین هیچ رێگرییه‌ك هه‌بێ بۆ گه‌یشتن به ‌زانیاریی له‌سه‌ر بكوژرانی دكتۆر‌ ریهام و شه‌هید ته‌حسین، ئه‌و كوشتنانه‌ وێنه‌ی به‌سرەی ناشرین كرد".

هه‌رچه‌نده‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سێ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی خۆپێشانده‌ران و چالاكڤانانی به‌سرەی پێكهێناوه‌، به‌ڵام ناڕه‌زایی و توڕهی‌ی خه‌ڵكی به‌سرە تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ته‌نیوه‌ و داوای ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپێشاندانه‌كان و چالاکڤانان ده‌كه‌ن.




rudaw
Top