کازمی: پەکەکە لەنێو عێراقەوە هێرشدەکاتە سەر تورکیا و دەبێت نەیهێڵین

کازمی: پەکەکە لەنێو عێراقەوە هێرشدەکاتە سەر تورکیا و دەبێت نەیهێڵین
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان باس لە هێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، راستە بەغدا دژی بەزاندنی سنوورە لە لایەن سوپای تورکیاوە، بەڵام لەوەش تێدەگەن کە پەکەکە لەناو خاکی عێراقەوە هێرش دەکاتە سەر تورکیا و دەبێت چارەسەر بکرێت.

کازمی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ماڵپەڕی The Nationalـی ئیماراتی باس لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دەکات و دەڵێت "وا هەستدەکەم ئەمریکا پابەند دەبێت بە پەرەپێدانی هاوبەشی نێوانمان،" هاوکات باس لە هەندێک گرووپی چەکدار دەکات کە لە ژێر رکێفی دەوڵەت نین. هەڕەشەش دەکات کە "بەم زووانە هێزە ئەمنییەکانمان بە جیددی لە دژیان دەستبەکار دەبن".

لەبارەی دەستێوەردانی وڵاتانی ئێران و تورکیا لە کاروباری عێراق، کازمی دەڵێت، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەت ئێران لەسەر دوو بنەما دەبن، ئەوانیش سیاسەتی "دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکدی"، و پەیوەندییەکان دەبێت لەنێوان "دەوڵەت بۆ دەوڵەت" بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەژموونی ئێران لەسەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران کە هەندێکیان راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.

سوپای تورکیا تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، هەروەها لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج، ئەو هێرشانەش بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەسێکی سڤیل و هاوکات لە دەڤەری برادۆست دوو فەرماندەی کوردی سەر بە پاسەوانی سنووری عێراقی کردە ئامانج.

کازمی دەڵێت "بە دڵنیاییەوە ئێمە دژی هاتنە ناوەوەی تورکیاین بۆ ناو هەرێمی کوردستانی عێراق. لە هەمان کاتیشدا، لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەین لە دژی کردەوە [سەربازییەکانی] پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە کە لە نێو عێراقەوە سەرچاوە دەگرن و تورکیا دەکەنە ئامانج... ئێمە دەبێت نیگەرانی هەردوولا لەنێوببەین تاوەکو بتوانین پەیوەندییەکان سەقامگیر بکەین".

کازمی: عێراقی نوێ درۆیەکی گەورەیە

لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکە، کازمی پێکهاتەی دەوڵەت و دامەزراوە فیدراڵییەکان لەدوای داگیرکاریی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2003 بە "درۆیەکی گەورە ناودەبات"، کازمی دەڵێت، درۆ گەورەکە ئەوەیە بەناوی هاوسەنگیی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق دۆخێکی تایفەگەری دروستکراوە بەناوی "پشکەپشکێنە" و ئەمەش بووەتە هۆی گەندەڵی و لاوازکردنی دامەزراوەکان.



rudaw
Top