(رۆیتەرز): عێراق ئەم مانگە هەناردەی نەوتی كەمتر كردووەتەوە

(رۆیتەرز): عێراق ئەم مانگە هەناردەی نەوتی كەمتر كردووەتەوە
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە حكوومەتی عێراق بۆ ئەم مانگە، هەناردەی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵاتەكە لە مانگی تەمووز كەمتر كردووەتەوە، ئەمەش وەكو پابەندبوونێك بە بڕیاری كۆمەڵەی ئۆپك پڵەس.

رۆیتەرز لە سەرچاوەی ئاگەداری كەرتی نەوتی عێراقی گواستەوە كە لەوەتەی سەرەتای ئەم مانگەوە تا رۆژی 25ی ئەم مانگە "ئاب"، وڵاتی عێراق وەك دووەم گەورە هەناردەكاری نەوت لە ناو ڕێكخراوی ئۆپكدا، بەردەوام بووە لە پابەندبوون بەو بەڵێنانەی بە ئۆپك پڵەسی داوە لە كەمكردنەوەی خستنە بازاڕی نەوتی خاوەوە.

كۆمەڵەی ئۆپك پڵەس كە لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی ئۆپك و رووسیا پێك دێن، بڕیاری گەورەترین كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی داوە، ئەمەش لە پێناو سەرخستنەوەی بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، دوای ئەوەی بەهاكەی بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەككەوتنی كەرتی پیشەسازیی جیهانی، تا ئەوپەڕی دابەزیبوو.

بە گوێرەی رۆیتەرز، ئەم مانگە هەناردەی نەوت لە كێڵگەكانی باشووری عێراقەوە بۆ 2.63 مليۆن بەرميل لە رۆژێكدا كەم كراوەتەوە، ئەمەش 40 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمترە لە چاو مانگی تەمووزی رابردوودا، كە رۆژانە 2.67 مليۆن بەرميل نەوتی هەناردە دەكرد.












باسنيوز



Top