چەکداری نەناسراو لە خانەقین لە دووریی 100 مەتر لە سوپای عێراق دوو برای کورد دەکوژن
عەقید شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆکس بە رووداوی گوت "کاژێر 09:40 خولەکی ئەمشەو لەسەر رێگەی گوندی دەکەی نووری میکایل چەکداری نەناسراو بەدووریی 100 مەتر لە بازگەیەکی سوپای عێراق دوو ئۆتۆمبێل رادەگرن و گڕی تێبەردەدەن، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان دەکوژن و شۆفێرەکەی دیکەش چارەنووسی نادیارە".
بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆکس گوتیشی "ئۆتۆمبێلەکان تایبەتن بە گواستنەوەی جووجک بۆ کێڵگەی پەلەوەر، رووداوکە لەنزیک کێڵگەکە بووە و خاوەنی کێڵگە رۆشتووە بەهانای ئۆتۆمبێلەکەوە بیکوژێنێتەوە، لەوکاتەدا دەکەونە بۆسەی چەکدارەکانەوە و دوو برا بە ناوەکانی لوقمان داوود و سامان داوود دەکوژرێن، کە بە رەچەڵەک کوردن و لە عەشیرەتی زرگۆشن".
عەقید شەمال گوتیشی "ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە ئەو هێزەی سوپای عێراق نزیک بوون، بەڵام هیچ تەقەیان لەو چەکدارانە نەکردووە و نەڕۆشتوون بەهانای خەڵکەکەشەوە".
گوندی دەکەی نووری میکال دەکەوێتە باشوروی رۆژئاوای خانەقین و دانیشتووانەکەی کوردن.
rudaw