فڕۆكەوانە عێراقییەكان نەیانتوانی فێری فڕاندنی فڕۆكەی F16 بن

فڕۆكەوانە عێراقییەكان نەیانتوانی فێری فڕاندنی فڕۆكەی F16 بن
راپۆرتێكی ئەمریكی ئاشكرای كردووە حكوومەتی عێراق بەهۆی ئامادەنەكردنی فڕۆكەوانی شارەزاوە، گرێبەستێكی گەورەی كڕینی فڕۆكەی F-16ی بەهەدەر داوە، كە بڕەكەی زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە.

تۆڕی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی بڵاوی كردەوە پرۆگرامی فرۆشتنی فڕۆكەی F-16ی ئەمریكی بە عێراق، كە گرێبەستەكەی بە بڕی چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی ئیمزا كراوە، خەریكە شكست دێنێت، ئەمەش بە هۆی نەبوونی فڕۆكەوانی عێراقی كە بتوانن فڕۆكەكان بەكاربێنن.

فۆكس نیوز ئاماژەی بەوە داوە كە حكوومەتی بەغدا لەوەتەی ساڵی 2011وە گرێبەستێكی مێژوویی بە بڕی 4.3 مليار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای لۆكهید مارتندا ئیمزا كرد، بۆ ئەوەی ژمارەیەك فڕۆكەی F-16 لە ئەمریكا وەربگرێت.

سێ ساڵ دوای ئیمزاكردنی گرێبەستەكە، ژمارەیەك فڕۆكەی F16 گەیشتە دەست عێراق، بەڵام هێزی ئاسمانیی عێراق ترسی هەیە لەوەی بەهۆی نەبوونی تیمی فڕۆكەوانیی پێویستەوە، بتوانێ سوود لەم فڕۆكانە وەربگرێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمریكا بەهۆی هەڕەشەكانی ئێران لەسەر هێزەكانیان لەسەر خاكی عێراق، لەوەتەی مانگی كانوونی دووەمی رابردووەوە تیمی سەرپەرشتیاری و ڕاهێنەرانی فڕۆكەوانیی F16ی لە بنكەی ئاسمانیی بەلەد لە باكووری بەغدا كشاندەوە، بەم هۆیەوە گرێبەستەكە پەكی كەوتووە و فڕۆكەوانیی پێویستیش بۆ فڕۆكەكانی F16 ئامادە نەكراون.












باسنيوز



Top