ئەمریکا لەبارەی پەکەکەوە داوایەک لە تورکیا و عێراق دەکات

ئەمریکا لەبارەی پەکەکەوە داوایەک لە تورکیا و عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-8-2020، دەیڤید کۆپلی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، گرنگە رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت و لە هەمان کاتیشدا، گرنگە دان بە بەرژوەندییە ئەمنییەکانی تورکیادا بنرێت.

دەیڤید کۆپلی هەروەها رایگەیاندووە، ئەمریکا کۆبوونەوە و دانوستاندنی هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی تایبەت بە بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لەناو سنووری دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، بە باشترین چارەسەر دادەنێت.

بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سوپای تورکیا چەندین جار گوندەکانی ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات و هاووڵاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی.

خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بەردەوام داوا لە پەکەکە دەکەن، ناوچەكانیان چۆڵ بكات تاوەكوو بتوانن بە ئارامی لەسەر خاك و ئاوی خۆیاندا كاری چاندن و ئاژەڵداری بكەن، بەڵام پەکەکە نەك هەر داواكارییەكانیان ڕەت دەكاتەوە، زۆرجار هێزەكانی دەباتە نێو ئاوەدانییەكان و لە ئەنجامیشدا تائێستا دەیان هاووڵاتیی سڤیلی ناوچە سنوورییەكان بوونەتە قوربانی.








باسنيوز
Top