فوئاد حوسێن: ده‌مانه‌وێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ین، به‌ڵام دەبێت پێشتر هێرشه‌كانی رابگرێت
دەقی ههڤپهیڤینەکە:
رووداو: پێش هاتنتان كۆمه‌ڵێك ئامانجتان هه‌بوون له‌و گفتوگۆ و دیدارانه‌ی له واشنتن ئه‌نجامیانده‌ده‌ن. چه‌ند له‌و ئامانجانه به‌دیهاتوون كه بۆی هاتبوون؟
د. فوئاد حوسێن: ئه‌و ئامانجانه‌ی داماننابوون، په‌یوه‌ندییان هه‌بوو به چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی و هاوكاری نێوان ئه‌مریكا و عێراق له‌سه‌ر ئاستی پرسه‌كانی ئاسایش و سه‌ربازی و ئه‌و بوارانه. بێجگه له‌وه پرسی ئابووری، وزه به‌تایبه‌تی له بواری كاره‌با و نه‌وت و غاز، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت په‌یوه‌ندی نێوان زانكۆكانی ئه‌مریكا و عێراق، بابه‌تێكی دیكه‌ی گرنگ په‌یوه‌ندی هه‌یه به ته‌ندروستی و بابه‌تی كۆرۆنا.
ئێمه پێش ئه‌وه‌ی بێینه ئه‌مریكا، له به‌غدا كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته پیشه‌ییه‌كان كرد، بێگومان هه‌میشه نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستانیشی تێدابووه، بێجگه له‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك كۆبوونهوهم له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق كرد، تاوه‌كو روونبێ كه ئه‌وان چی‌یان ده‌وێت، منیش باسی ئه‌وه‌م ده‌كرد كه چ شتێك مومكینه بكرێت، به‌و شێوه‌یه هاتین بۆ ئه‌مریكا. به بڕوای من ئه‌گه‌ر باسی سه‌ردانه‌كه و ئامانج و رێككه‌وتنه‌كان بكه‌ین، سه‌ردانێكی سه‌ركه‌وتوو بوو.
رووداو: باس له‌وه ده‌كرێت هه‌م شاندی عێراقی و هه‌م شاندی ئه‌مریكی خواستی زۆرتان هه‌بووه بگه‌نه رێككه‌وتن، ئه‌مه راسته؟
د.فوئاد حوسێن: به‌ڵێ دروسته، كێشه گه‌وره‌كه په‌یوه‌ندی به پرسی ئاسایش و سه‌ربازی و په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانه‌وه هه‌بوو. بهلانیكهمهوه ئێمه یه‌ك بۆ دوو رۆژ گفتوگۆمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد چۆن ئه‌و رسته‌یه‌ی له به‌یانه‌كه‌دا هاتووه له‌سه‌ری رێكبكه‌وین، له دواییشدا گه‌یشتینه رێككه‌وتن.
رووداو: له پرێسكۆنفرانسهكهی نێوان به‌ڕێزتان و مایك پۆمپیۆ، مایك پۆمپیۆ زۆر به ئاشكرا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هاوكاری كه‌مینه‌كان بكه‌ن به‌تایبه‌تی كه‌مینه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، به‌ڵام به‌هۆی گرووپی چه‌كدارییه‌وه كه مه‌به‌ستی له حه‌شدی شه‌عبی بوو، ناتوانن ئه‌و پلانه‌ی هه‌یانه جێبه‌جێی بكه‌ن و داواشیكرد له شوێنی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه پۆلیس دابنرێت. له‌مڕووه‌وه هیچ بڕیارێكتان داوه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئه‌مریكییه‌كان بكه‌ن؟
د.فوئاد حوسێن: خۆی ئه‌م بیرۆكه‌یه كۆنه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 5 بۆ 6 ساڵ پێش ئێستا، بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیسی ئه‌و شوێنانه خه‌ڵكی ناوچه‌كه بن، وابزانم بیرۆكه‌یه‌كی دروستیشه. به‌ڵام حكومه‌ته جۆراوجۆره‌كانی به‌غدا نه‌یانتوانی ئه‌و پرسه جێبه‌جێبكه‌ن، دواییش داعش هات. ئێستا وابزانم بارودۆخه‌كه جیاوازه، پێویسته ئه‌و بیرۆكه‌یه به جیدی وه‌ربگرین و له به‌غدا دیراسه‌ی بكه‌ین و جێبه‌جێی بكه‌ین. چونكه ئه‌و كه‌مینانه‌ی كه هه‌ن به دیاریكراویش له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، كه مه‌سیحی و شه‌به‌ك و ئێزدییه‌كانیش له‌وێ هه‌ن، ئه‌و ترسه‌یان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت خۆیان پارێزگاری له خۆیان بكه‌ن. بێگومان له ناوچه‌كانی خۆیان، له راستیشدا مافی خۆیانه پۆلیسی خۆیان هه‌بێت، وابزانم كار له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌كه‌ین.
رووداو: پێش ئه‌وه‌ی ئێوه بێنه ئه‌مریكا، ئه‌و پرسه‌ی كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا زۆر جه‌ختیان له‌سه‌ر دهكرهوه، پرسی سه‌روه‌ری خاكی عێراق بوو، له گفتوگۆ و دیدارهكانتاندا ته‌نیا باسی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران كرا، یان باسی هێرشه‌كانی توركیاش كرا بۆ سه‌ر پارتی كرێكارانی كوردستان له خاكی هه‌رێمی كوردستان؟
د.فوئاد حوسێن: كه باسی سه‌روه‌ری ده‌كرێت، مه‌به‌ست له‌وه‌یه وڵاتانی دیكه هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر عێراق و ده‌ستوه‌ردان نه‌بێت له‌نێو عێراق دا . به‌داخه‌وه ئه‌م شته هه‌یه و ئه‌مه‌ش راستییه‌كه.
له كۆبوونه‌وه‌كاندا باسی هه‌موو مه‌سه‌له‌كان كران، له‌نێویشیاندا ئه‌و هێرشه سه‌ربازییه‌ی كه توركیا كردوویه‌تییه سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و خاكی عێراق و، به‌رده‌وامه. به درێژی باسی ئه‌و بابه‌ته كرا. له‌نێویاندا باسی په‌كه‌كه‌ش كرا، چونكه ده‌ستووری عێراق رێگه به هێزێكی چه‌كدار نادات له وڵاتێكی دیكهوهبێت و له عێراقه‌وه هێرش بكاته سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه. ئه‌و بابه‌ته نه‌ك هه‌ر ئه‌وان، ئێمه‌ش باسمانكرد، چونكه ئه‌مه به‌شێكه له ده‌ستوور، واته ئێمه كێشه‌یه‌كمان هه‌یه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م كێشه‌یه كێشه‌ی ئه‌مڕۆیه؟ نه‌خێر ئه‌م كێشه‌یه كۆنه، په‌كه‌كه له 1991ـه‌وه له شاخه‌كانی كوردستان هه‌ن و له‌سه‌ر سنووره‌كانی توركیا و ئێرانن.
ئه‌مه خۆی له خۆیدا مه‌سه‌له‌یه‌كه بۆ خه‌ڵكی كوردستانی عێراق و مهسهلهیهكیشه بۆ عێراق، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی دروستكردووه. به‌ڵام پێویسته ئه‌م كێشه‌یه له‌گه‌ڵ توركه‌كان باس بكرێت، چونكه عێراق پێویستی به‌وه‌یه په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت. به‌غدا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی باشبێت له‌گه‌ڵ توركیا و ئێمه داوای دیالۆگمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ستپێبكات، وابزانم ده‌گه‌ینه ئه‌و قۆناخه. به‌ڵام پێش ده‌ستپێكردنی ئه‌و دیالۆگه ده‌بێ ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان رابگیرێن، تۆ ناتوانی دیالۆگ ده‌ستپێبكه‌یت و شه‌ڕ و بۆردوومانیش به‌رده‌وام بێت. به‌تایبه‌تی له حاڵه‌تی دیاركراو هێرشیان كرده سه‌ر گونده‌كانی كوردستانی عێراق و ئه‌فسه‌رانی پاسه‌وانی سنوور، ئه‌مه‌ش ناكرێت و قبووڵ ناكرێت.
رووداو: مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه‌یه بدۆزنه‌وه، ئێوه وه‌ك وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هیچ داوایه‌كتان كردووه؟
د.فوئاد حوسێن: پێش ئه‌وه‌ی بێمه واشنتن، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندیم به سه‌رجه‌م وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، پاشان په‌یوه‌ندیم به وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپاوه كرد، ئێستاش له واشنتن باسی ئه‌وه‌مان كردووه و كه دهڕۆینهوهش به‌رده‌وام ده‌بین.
ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین، به‌ڵام یه‌ك رێگه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره دابنیشین و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌گه‌ڵ خۆیان باس بكه‌ین، چونكه ناكرێت ئێمه په‌یوه‌ندیمان خراپبێت. توركیا و عێراق دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێن.
كێشه هه‌یه و پێویسته كێشه‌كه باس بكه‌ین، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ی كه ئه‌وان ده‌ستیانپێكردووه چاره‌سه‌ر نابێت و كاریگه‌ری ده‌بێت. بێگومان ئه‌وان باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر په‌كه‌كه، به‌ڵام هێرشی جیا جیا هه‌یه، ئه‌مه قبووڵ نییه و ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دیالۆگ ده‌ستپێبكات له‌گه‌ڵ توركیا، چونكه ئه‌مه رێگه چاره‌سه‌ره‌كه‌یه. به‌ڵام دۆخی په‌كه‌كه‌ش بۆ ئێمه كێشه‌یه و كێشه‌ی دروستكردووه.
رووداو: له بهیاننامهكهتان له گه‌ڕی دووه‌می گفتوگۆی ستراتیژیی ئه‌مریكا و عێراق، ئه‌مریكا باسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی نه‌كرد، له پرێسكۆنفرانسهكهی نێوان به‌ڕێزتان و مایك پۆمپیۆ باسی له‌وه‌كرد كه عێراق پێویستی به مانه‌وه‌ی ئێمه‌یه و ئێمه‌ش ده‌مێنینه‌وه تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی عێراق پێویستی به ئه‌وان هه‌بێت. ئایا چاره‌نووسی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق چی به‌سه‌ر دێت؟
د.فوئاد حوسێن: له راستیدا ئه‌مه بابه‌تێكی زۆر هه‌ستیاره له‌نێو گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقی. بۆ ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی بێینه واشنتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران و زۆربه‌ی سه‌ركرده سیاسییه‌كان كۆبووینه‌وه و ئه‌وانیش په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئه‌مریكایان به پێویست ده‌زانی، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی روونیان به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا هه‌یه، ئه‌وانیش ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان عێراق و ئه‌مریكا به پێویست ده‌زانن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی ئاشكرایان هه‌یه دژی ئه‌مریكا و هه‌بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریكی، به‌ڵام ده‌ڵێن په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا پێویستییه‌كه.
له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری قسه ده‌كه‌ی ده‌ڵێ پێویستم به هاوكاری سه‌ربازییه، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ قسه ده‌كه‌ی ده‌ڵێ پێویسته ئه‌مریكییه‌كان له‌وێ بن و یارمه‌تیمان بده‌ن، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه قسه ده‌كه‌ی ده‌ڵێن ئێمه پێویستمان پێیانه. له‌گه‌ڵ دژه تیرۆری عێراق قسه ده‌كه‌ی ئه‌وانیش ده‌ڵێن پێویستمان به هاوكاری سه‌ربازییه. واته هێزه سه‌ربازییه‌كانی عێراق به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه پێویستیان به هاوكاریی سه‌ربازییه. كاتێك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانیش قسه ده‌كه‌ی، ده‌ڵێن ئێمه پێویستمان به هاوكاری سه‌ربازییه.
ئێمه له قۆناخی پێشوو كه شه‌ڕی داعش هه‌بوو، هه‌بوونی ئه‌مریكا كه ته‌نیا هه‌ر ئه‌مریكا نییه و وڵاتانی هاوپهیمانیشن، ئه‌مانه هه‌مووی له عێراقن و یارمه‌تی هێزه سه‌ربازییه‌كانی عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان داوه له شه‌ڕكردن دژی داعش.
ده‌وڵه‌تی داعش رووخا، به‌ڵام داعش وه‌ك هێزێكی تیرۆریستی و وه‌ك فكر و هه‌ڕه‌شه هه‌ر ماوه، ئه‌مه‌ش راستییه‌كه و مانای ئه‌وه‌یه ئێمه پێویستمان به هاوكاریی سه‌ربازییه تاوه‌كو به ته‌واوی كۆتایی به داعش ده‌هێنرێت له خاكی عێراق. پێویستمان به‌وه‌یه هاوكاربین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان، ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته گفتوگۆمان كردووه، له داهاتوودا بوونی ئێوه له عێراق چۆن ده‌بێت؟ یان ئێمه ده‌مانه‌وێ چۆن له عێراق هه‌بین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گه‌یشتینه چه‌ند پرسێك، یه‌كه‌م: ئه‌و وشانه‌ی كه خۆیان به‌كاریان هێناوه له نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوو عادل عه‌بدولمه‌هدی، نووسیویانه دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی هێزه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و بردنیان بۆ وڵاتانی دیكه. ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی عێراق كه من كۆبوونهوهم له‌گه‌ڵ كردن، گوتیان ئه‌مه باشه ئه‌گه‌ر جێگیر بكرێت، به‌ڵام پێویسته خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نیش هه‌بێت، ئه‌وه‌شمان جێگیركردووه له به‌یاننامه‌كه، به‌ڵام كێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م خشته‌یه ده‌كات؟ پێویسته كه‌سانێكی ته‌كنیكی سه‌ربازی بن.
ئێمه داواده‌كه‌ین هاوكاری هه‌واڵگری له‌نێوان ئهمریكاو عێراق بمێنێت، مه‌شق و راهێنان بمێنێت، راوێژكاری سه‌ربازی بمێنن، پشتیوانی ئاسمانی بمێنێت له زۆر بوار باسمانكردووه ئێمه پێویستیمان به ئێوه‌یه، ئه‌وانیش قبووڵیان كردووه. ئه‌مه‌ش چۆن له پراكتیكدا جێبه‌جێده‌كرێت؟ پێویستی به لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره بكات، ئه‌وه‌ش له به‌یاننامه‌كه باسكراوه كه لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكی له لایه‌نی عێراق و لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكی له‌لایه‌نی ئه‌مریكییه‌وه دروستده‌بێت و پێكه‌وه داده‌نیشن و بڕیار ده‌ده‌ن كه ده‌ست به‌و خشته‌یه بكه‌ن و چۆنیش ده‌ستپێبكه‌ن و چ كاتێكیش ده‌ستپێبكه‌ن؟ شێوه‌ی هه‌بوونی ئه‌مریكاش له عێراق به‌شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌بێت.
رووداو: باسی هاوئاهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراقیش كرا، له‌سه‌ر دروستكردنی هێزێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه داعش تێیاندا له‌و ماوانه‌دا چالاكی زیاد كردووه، شتێكی به‌وشێوه‌یه باسكراوه؟
د.فوئاد حوسێن: بێگومان كۆمه‌ڵێك وۆرك شۆپ كران، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه په‌یوه‌ندی به پرسه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانه‌وه هه‌بوو، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ئاماده‌بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان قسه‌یان كرد. یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كه باسكرا، ئه‌و شوێنانه‌ی ئێستا داعشی تێدایه له‌و بۆشاییه‌ی كه له‌نێوان هێزه‌كانی عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه، وایكردووه هێزه‌كانی داعش له‌و ناوچانه به ئازادی هاتووچۆ بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی كه‌ركووك و موسڵ و له دووری كوردستانیش له ناوچه‌كانی ئه‌نبار هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و بۆشاییه‌ی كه له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق هه‌یه پێویسته پڕبكرێته‌وه، چۆن پڕده‌كرێته‌وه؟ پێویسته ئه‌و دوو لایه‌نه هاوكاربن. هه‌ربۆیه دانیشتن هه‌یه له عێراق و له ده‌ره‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێك بۆ چۆنیه‌تی هاوكاری نێوان ئه‌و هێزانه له‌و ناوچانه به هاوكاری ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی.
رووداو: هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و هێزه هاوبه‌شه چۆن بووه؟
د.فوئاد حوسێن: ئه‌مه ته‌نیا شه‌ڕی عێراقییه‌كان نییه، به ته‌نیا شه‌ڕی هێزی پێشمه‌رگه نییه، به‌ڵكو شه‌ڕی هه‌موو لایه‌كه.
رووداو: پێتانوایه گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانتان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كاریگه‌ری نابێ له‌سه‌ر خراپبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ ئێران؟
د.فوئاد حوسێن: نا، ئێمه پێش ئه‌وه‌ی بچینه ئه‌مریكا له تاران بووین، من له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكوه‌زیران له ئێران له‌وێبووم، ئێمه په‌یامی خۆمان به ئێرانییه‌كان داوه. ئه‌وانیش ده‌زانن ئێمه دێین بۆ واشنتن، كاره‌كانی ئێمه به ئاشكرایه و پهیامهكانیشمان روونه.
یه‌ك دوو شت هه‌یه، له‌و ململانێیانه‌ی كه له‌نێوان واشنتن و تاران هه‌یه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م عێراقه، چونكه بۆ زۆربه‌ی زۆری وڵاتان ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌نێوان واشنتن و تاران هه‌یه، كێشه‌یه‌كی ده‌ره‌كییه و په‌یوه‌ندی نییه به ناوه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵام بۆ عێراق جا هۆكاره‌كه‌ی هه‌رچی بێت ئه‌مه شتێكی دیكه‌یه، بۆ عێراق كێشه‌یه‌كی ناوخۆییه. ئێران دراوسێی عێراقه، له ساڵی 2003ه‌وه كاریگه‌ری هه‌بووه له‌نێو عێراقدا و كاریگه‌ریشی ماوه. ئه‌مریكا دۆستی عێراقه، له ساڵی 2003ه‌وه سه‌ركردایه‌تی ئه‌و له‌شكره‌ی كرد كه سه‌دام حوسێنی لادا و به له‌شكرێكی زۆر گه‌وره‌وه له عێراق مایه‌وه، 160 هه‌زار سه‌ربازی هه‌بوو له عێراق و كاریگه‌ریشی هه‌یه له عێراق، ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌یه و هاوپه‌یمانی عێراقه، كه ئه‌وانه‌ش ململانێ‌یان هه‌یه بێگومان كاریگه‌ری ده‌بێت.
ئێمه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه پێش ئه‌و كێشانه‌ی له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له‌نێوان تاران و واشنتن دروستبووه، ده‌بینین له‌سه‌ر ئاستی عێراق راسته كێشه‌یان هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه نه‌بووه. له‌سه‌ر ئاستی عێراق زۆربه‌ی جار جۆره په‌یمانێكیان هه‌بووه، رێككه‌وتنیان ده‌كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی دابنیشن، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر دانانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، بێگومان ئه‌مه شتێكی ناخۆشه، به‌ڵام ئه‌مه راستییه.
له‌و رۆژه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان تاران و واشنتن گه‌وره‌بوونه، ده‌بینین رووداوه‌كان له‌نێو عێراق جیاوازن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداره. بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رۆكوه‌زیران و ئێمه‌ش له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان و ئه‌مریكییه‌كان به روونی باسمانكردووه. ئێمه ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندی ئاساییمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان، به‌ڵام نابێ ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر عێراق بده‌ن، نابێت ئێران له پرسه نێوخۆییه‌كاندا بڕیار بده‌ن، هاوكات نابێ ئه‌مریكاش بڕیار بدات، به‌ڵام ده‌شمانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی ئاساییمان هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئێران و په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشیشمان هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، چونكه عێراق پێویستی به هه‌ردوولایه.
رووداو: سه‌باره‌ت به گفتوگۆ ستراتیژییه‌كان، وه‌ك ئێوه‌ش باستانكرد ره‌هه‌ندێكی ئابووری هه‌یه و كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ستی ئابووری واژۆكراون، ئه‌مانه چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی سیاسی‌یان له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت؟
د.فوئاد حوسێن: له 2003وه تاوه‌كو ئێستا له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان چه‌ندین یاداشتی لێكتێگه‌یشتن واژۆكراون، به‌ڵام زۆربه‌یان جێبهجێنهدهكران، كێشه‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و شتانه په‌یوه‌ندی به ئه‌مریكاوه یان به عێراقه‌وه هه‌یه، من له‌وكاته‌وه‌ی بوومه‌ته وه‌زیری دارایی عێراق و ئێستاش وه‌زیری ده‌ره‌وه، ده‌بینم كێشه هه‌یه له عێراق، له عێراق به‌دواداچوون نییه. ئێمه بڕیارێكماندا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ئیشانه بكات.
ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا جێبه‌جێبكرێن، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی ده‌بێ له‌سه‌ر دۆخی ئابووری عێراق، چونكه ئه‌وانه‌ی دێن كۆمپانیای گه‌وره‌ن، هاوكات رێگه‌ش ده‌كاته‌وه بۆ وه‌به‌رهێنان، نه‌ك هه‌ر ئه‌مریكییه‌كان دێن، ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ش دێن، به‌ڵام ئه‌مه هه‌مووی په‌یوه‌ندی به دۆخی ئاسایشی عێراقه‌وه هه‌یه.
دۆخی نێوخۆی ئاسایشی عێراق ئه‌گه‌ر ته‌واو نه‌بێ خه‌ڵك نایێت ژیانی خۆی بخاته ریسكهوه. بۆیه پێویسته دۆخی ئاسایشی عێراق به‌ره‌و باشی بچێت تاوه‌كو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت بێن و، نیاز و پلانیان هه‌یه بێن و رێككه‌وتن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بێن، ئه‌گه‌ر بێن كاریگه‌ری باشیان ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووری عێراق.
رووداو: هه‌ندێك شرۆڤه‌كار وای لێكده‌ده‌نه‌وه كه ئه‌م هه‌موو گرێبه‌سته و سووربوونی ئه‌وه‌ی لیژنه دروستبكرێت و به‌دواداچوونی بۆ بكرێت، واته ئه‌گه‌ر به جیدی به‌دواداچوونی بۆ بكرێت و جێبه‌جێبكرێت، ره‌نگه هه‌وڵێكیش بێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێستای عێراق خۆی له‌و گرێبه‌ستانه‌ی حكومه‌تی پێشوو له‌گه‌ڵ چین رزگار بكات، تێڕوانینی ئێوه له‌وباره‌وه چییه؟
د.فوئاد حوسێن: تۆ ده‌توانی وه‌ك ده‌وڵه‌ت گرێبه‌ستت له‌گه‌ڵ زۆر ده‌وڵه‌تی دیكه‌ش هه‌بێت. شاندی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌وكاتی عادل عه‌بدولمه‌هدی كه چوونه چین، ئێمه كۆمه‌ڵێك دۆكیۆمێنتمان واژۆكرد، چین یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه كه نه‌وتی عێراق ده‌كڕێت، چین و هیند گه‌وره‌ترین دوو ده‌وڵه‌تن كه نه‌وت له عێراق ده‌كڕن. په‌یوه‌ندی بازرگانی نێوان عێراق و چین یه‌كجار گه‌وره‌یه، بێگومان من باسی پێش كۆرۆنا ده‌كه‌م، چین نه‌وت له عێراق ده‌كڕێت و عێراقیش زۆر شت له چینه‌وه هاورده ده‌كات، له هه‌ندێك حاڵه‌تدا قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان عێراق و چین گه‌یشتووه‌ته 20 ملیار دۆلار.
په‌یوه‌ندی نێوان چین و عێراق زیاتر پرسی ئابوورییه، جیاوازه له په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئه‌مریكا. په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و عێراق مێژووییه، ئه‌مریكا له ساڵی 1991وه له كوردستانی عێراقه و له ساڵی 2003وه‌ش له عێراقه. كاریگه‌ری ئه‌مریكا له عێراق جیاوازه، په‌یوه‌ندییه‌كان جیاوازن، واته ناتوانی ئه‌و به‌راورده بكه‌ی كه په‌یوه‌ندی نێوان عێراق له‌گه‌ڵ چین شوێنی په‌یوه‌ندی عێراق و ئه‌مریكا بگرێته‌وه و شوێنی ئه‌و ناگرێته‌وه.
رووداو: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا چۆنه. پۆمپیۆ و تره‌مپیش به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان باسیان له كورد كرد، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو حكومه‌ته، له واشنتن چی باسكرا؟ پێتانوایه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بتوانن بگه‌نه رێككه‌وتن؟
د.فوئاد حوسێن: دوو سێ پرس هه‌یه، كێشه‌یه‌ك هه‌یه له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، ئه‌و كێشه‌یه له‌وكاتانه‌دا دروستبوو كه عه‌بادی سه‌ركوه‌زیران بوو، جۆرێك له بێ متمانه‌یی په‌یدابوو، ته‌نانه‌ت كێشه‌ی گه‌وره‌ش له‌نێوان هه‌ردوولادا دروستبوو. ئه‌م دوو ساڵه‌ی كۆتایی جیاوازه، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ی له‌گه‌ڵ 2003 و په‌یوه‌ندی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر. بارودۆخه‌كه زۆر گۆڕاوه، له به‌غدا و له هه‌ولێریش.
ئایا هه‌ردوولا پێویستیان به یه‌كه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ڵێ یه. هه‌ردوولا پێویستیان به یه‌كه، به‌ڵام كامه‌یان زیاتر پێویسته و له چ بوارێك پێویست ده‌كات، ئه‌مه جیاوازه.
ئایا هه‌ردوولا كێشه‌یان هه‌یه؟ به‌ڵێ كێشه‌یان هه‌یه. كێشه‌كان هه‌ندێكی مێژوویین، به‌ڵام هه‌ندێكی ئێستاییه و هه‌ندێكیش پێویسته زوو چاره‌سه‌ر بكرێت، مه‌سه‌له‌ی بودجه یه‌كێك له‌و پرسانه‌یه كه ناكرێت دوابخرێت، نانی خه‌ڵكه.
سه‌باره‌ت به پرسی بودجه، له راستیدا له‌وكاته‌ی وه‌زیری دارایی بووم، پشتم به یاسای بودجه به‌ستبوو، مووچه‌ی خه‌ڵك هه‌موو مانگێك ره‌وانه ده‌كرا تاوه‌كو مانگی چوار كه كۆتایی حوكمی عادل عه‌بدولمه‌هدی بوو، به نووسراوێك عادل عه‌بدولمه‌هدی بودجه‌كه‌ی راگرت. كاتێك حكومه‌تی تازه هات، چونكه عادل عه‌بدولمه‌هدی به نووسراو بودجه‌كه‌ی راگرتبوو، چونكه یاسای ئیداره‌ی دارایی هه‌بوو یاسای بودجه نه‌بوو، ئه‌مه كێشه‌ی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا دروستكرد.
ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی چاره‌سه‌ر كراوه، پێش ئه‌و سه‌ردانه‌مان وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مووچه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان نارد، به‌ڵام چاره‌سه‌ری بنچینه‌یی له یاسای بودجه‌دا ده‌كرێت، كه پێویسته یاسای بودجه بۆ ساڵی داهاتوو له چه‌ند مانگی دهاتوو پێشكه‌ش بكرێت، له‌وێ پێویسته هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتن و به‌گوێره‌ی یاسا ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام بۆ كێشه گه‌وره‌كان وا بیر ده‌كه‌مه‌وه پێویسته دیالۆگێكی جیدی رێكبخرێت له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، تێیدا باسی ئه‌وه بكه‌ن ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ چۆن چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن؟ چونكه من هه‌ست ده‌كه‌م دیالۆگ نه‌ماوه، دیالۆگێك نییه له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان.
ئه‌وه به‌س نییه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نوێنه‌رت هه‌بێت له حكومه‌تی عێراق یان له په‌رله‌مانی عێراق، كێشه‌كان له‌وه گه‌وره‌ترن. ئێمه ئێستا داوای دیالۆگی نێوان ئه‌مریكا و عێراق ده‌كه‌ین ئه‌ی بۆ له‌نێوخۆ دیالۆگ نه‌كه‌ین؟ بۆ سیسته‌مێك په‌یدا نه‌كه‌ین بۆ دیالۆگ له‌نێوخۆ تاوه‌كو بگه‌ینه ئه‌نجام؟ بۆ ئه‌مه‌ش هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌توانن ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ین یان عێراقییه‌كان، به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌دا باشتره كه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن و بڵێن ده‌مانه‌وێت دیالۆگێكی فراون بكه‌ین نه‌ك بۆ كێشه‌كانی ئه‌مڕۆ، به‌ڵكو بۆ ئایینده‌ش چۆن بتوانین پێكه‌وه بژین، له‌سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ك؟ ئه‌م ده‌ستووره چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئێمه‌ی كردووه یان نا؟ ئه‌گه‌ر نه‌یكردووه چی بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر كردوویه‌تی بۆ جێبه‌جێ ناكرێت؟ ئه‌مه هه‌مووی پرسیاره و پێویسته وه‌ڵاممان هه‌بێت.
رووداو: ئه‌مریكاش پشتیوانی له‌وه ده‌كات؟
د.فوئاد حوسێن: به تێڕوانینی من ئه‌مریكا زۆر پشتیوانی له‌و بابه‌ته ده‌كات.
rudaw