عێراق، ئوردن و میسر جەخت لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوانیان دەکەنەوە
ئەمڕۆ سیشەممە 25ی ئابی 2020 بە بەشداریی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لوتکەی هاوبەشی سێقۆڵیی نێوان عێراق، ئوردن و میسر لە عەممانی پایتەخی ئوردن بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی لوتکەکە، هەر سێ وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "هەر سێ وڵات لە هەوڵدان بۆ قوڵکردنەوەی هاوئاهەنگی و هاوکاری و کاری ستراتیژیی نێوانیان لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، ئەمنی، رۆشنبیری و بابەتی دیکە؛ ئەمەش پشتیوانە لە کاری هاوبەش و ئامانجی رەخساندنی زەمینەسازیی بەرهەمدار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیکردنی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".
هەرسێ سەرکردە خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی لەبارەی هاوئاهەنگی و هاوکاریی سیاسی و ستراتیژی نێوان هەرسێ وڵات و جەختیانکردەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری و پشتبەستن بە باشترین رێگە و میکانیزم بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پەیوەندییە ستراتیژییە، بەتایبەتی لە بواری ئابووری، کارەبا، پرۆژەکانی وزە، ناوچەی ئابووریی هاوبەش، سوودوەرگرتن لە توانای نیشتمانی و هەوڵدان بۆ تەواوکاریکردنی دەرامەتەکانی نێوان هەرسێ وڵات، بەتایبەتی لەسەردەمی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆسەر ئاسایشی تەندروستی و خۆراک و ئابووری.
شای ئوردن و سەرۆکی میسر پاڵپشتیی خۆیان بۆ عێراق دووپاتکردەوە لە پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستی گەلەکەی.
لەبارەی دۆخی فەڵەستین، هەرسێ سەرکردەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە هەوڵەکان چالاکبکرێنەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەر و گشتگیر، کە سەرجەم ماف و داوا رەواکانی گەلی فەڵەستین بەدیبهێنێت، بەتایبەتی مافی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و رایدەگەیێنن، پێویستە ئیسرائیل دەستهەڵگرێت لە دەستبەسەرداگرتنی خاکی دیکەی فەڵەستین.
rudaw