پەرلەمانی عێراق بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە

پەرلەمانی عێراق بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە
پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمانی عێراق لەسەر یاسای هەڵبژاردن کۆ دەبێتەوە.

بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، لە رۆژی 3-9-2020ـەوە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکەنەوە.

بەهار مەحمود هەروەها رایگەیاند، چاوەڕوانکراوە پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ناڕەزایی لەسەرە، یەکێک بێت لە کارە لەپێشینەکانی دانیشتەکانی پەرلەمان، ”پێویستە پێش دانیشتنەکە لایەنەکان رێکبکەون، ئێستا جۆرێک لە نزیکبوونەوە هەیە و چەندین کۆبوونەوەی لێژنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بەو پرسە کراوە، بەڵام ئەگەر رێکەوتنی لایەنەکان پێش دانیشتنەکە نەکرێت، ئەوە ئەگەری زۆر ئەوەیە، هەموارکردنەوەکە سەرکەوتوو نەبێت“.

ئەو پەرلەمانتارەی کورد، کە ئەندامی لیژنەی یاساییە لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لایەنەکان زۆریان گەیشتوونەتە قەناعەت، کە بازنەی هەڵبژاردن فراوانتر بێت، بەڵام هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندی حزبیی خۆی شێوازی بازنەکانیان دەوێت.

بەهار مەحمود لەنارەی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان، رایگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەدان بازنەکان لە ئاستی پارێزگاکان بێت، چونکە بەوە دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت.











باسنيوز

Top