بۆمبێك به‌ كاروانێكی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشدا ته‌قییه‌وه‌

بۆمبێك به‌ كاروانێكی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشدا ته‌قییه‌وه‌
سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، تەقینەوەیەك كاروانێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە باكووری بەغدا كردە ئامانج.

به‌ گوێره‌ی زانیاری سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی عێراق، ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌، بێ ئه‌وه‌ی ناوی هێنرابێت، رایگەیاندووه‌، "لە نزیك سەربازگەی تاجی لە باكووری شاری بەغدا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بۆمبێكی چێنراو كاروانێكی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كردە ئامانج ".

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ ئه‌مڕۆ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ رایگه‌یاندبوو، كاروانێكی ھێزەكانیان لە سەربازگەی تاجی لە باكووری بەغدا دەكشێنەوە و رووده‌كه‌نه‌ سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ سنووری پارێزگای ئه‌نبار.

دوێنێش لە ناوچەی غەزالییە لە رۆژئاوای بەغدا، بۆمبێكی چێنراو كاروانێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كردە ئامانج .

پێشتر ھەندێك لە گرووپە چەكدارەكانی شیعە، لەوانەش كەتیبەكانی "حزبوڵڵای عێراقی" ھەڕەشەیانكرد لە بەئامانجكردنی ھێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراقدا؛ ئەگەر ئەمەریكا بڕیاری پەرلەمان عێراقی جێبەجێنەكرد لە پاشەكشەكردنی سەربازی له‌ عێراقدا.

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رۆژی 5ی كانوونی دووەمی رابردوو بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری نەھێشتنی ھەبوونی سەربازی دەرەكی لە سەر خاكی عێراق ده‌ركرد. دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی، فەرمانده‌ی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەھدی موھەندسس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بە بوردوومانی فڕۆكەی ئەمەریكایی لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كرانە ئامانج و كوژران.


rudaw
Top