مسته‌فا كازمی: رێگه‌ نادرێت روداوه‌كانی به‌سره‌ دوباره‌ ببنه‌وه‌

 مسته‌فا كازمی: رێگه‌ نادرێت روداوه‌كانی به‌سره‌ دوباره‌ ببنه‌وه‌
مسته‌فا كازمی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان دوای گه‌یشتنی بۆ به‌سره‌ و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ ئه‌منیه‌كانی پارێزگاكه‌ رایگه‌یاند، به‌هیچ جۆرێك نابێت رێگه‌ بدرێت روداوه‌كانی به‌سڕه‌ دوباره‌ ببنه‌وه‌ و تاوانبارانیش ده‌دۆزرێنه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆك وه‌زیران، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون له‌كێشه‌ و گرفته‌كان و داواكاری خۆپیشانده‌ران، مسته‌فا كازمی گه‌یشته‌ به‌سره‌ و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ و به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌كانی پارێزگاكه‌ كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، "بونی ئێمه‌ له‌ به‌سره‌ بۆ حاڵه‌تێكی تایبه‌ته‌، به‌سره‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ و هیچ كه‌مته‌رخه‌میه‌كیش له‌ دابینكردنی ئاسایش بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ قبوڵ ناكرێت".

هیچ تاوانبارێكیش له‌ده‌ستی یاسا رزگاری نابێت و لێپرسینه‌وه‌ی توندی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت

وتیشی:" له‌یاسا ده‌رچوه‌كان هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی كێشه‌كانی به‌سره‌ ده‌ده‌ن و بونه‌ته‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی گه‌لی عێراق، هه‌مو جۆرێك كار بۆ دابینكردنی ئاسایش بۆ خه‌ڵكی به‌سره‌ ده‌كه‌ین، هیچ تاوانبارێك له‌ده‌ستی یاسا رزگاری نابێت و لێپرسینه‌وه‌ی توندی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، بونی چه‌ك چه‌كداری و كێشه‌ی عه‌شایه‌ری قبوڵكراو نیه‌، رێگه‌ش نادرێت هیچ كارێك پێچه‌وانه‌ی یاسا بكرێت، پشتیوانیشی بۆ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ربڕی و وتی، " ڕاسته‌وخۆ له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له‌سه‌فه‌ره‌كه‌م، سه‌ردانی به‌سره‌م كرد، بۆ پاڵپشتیكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ و زیادكردنی كاركردنیان بۆ دابینكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری پارێزگاكه‌".

ئه‌و شكستانه‌ی رویاندا نابێت دوباره‌ ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ روداوه‌كانی تیرۆركردن و كوشتن بێده‌نگ نابن

مسته‌فا كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و شكستانه‌ی رویاندا نابێت دوباره‌ ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ روداوه‌كانی تیرۆركردن و كوشتن بێده‌نگ نابن و پێشێلكاریه‌كی رونن بۆ تێكدانی دۆخه‌كه‌، هیچ شوێنێكیش نامێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی له‌ ‌دابینكردنی ئاسایش و ئارامی سڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ و كار بۆ عێراقێكی به‌هێز ناكه‌ن، هه‌ركه‌سێكیش هه‌ڵه‌ بكات و به‌پێی یاسای بواری سه‌ربازی لێپرسینه‌وه‌ی توندی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

نابێت ئه‌و روداوانه‌ی له‌به‌سڕه‌ رویاندا دوباره‌ ببنه‌وه

فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ئاشكراشیكرد، نابێت ئه‌و روداوانه‌ی له‌به‌سڕه‌ رویاندا دوباره‌ ببنه‌وه‌، ده‌بێت به‌ زوترینكاتیش تاوانباران بدۆزنه‌وه‌، هه‌مو جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانێكی سیاسیش له‌كاروباری ئه‌منی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.







خەندان
Top