دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا، كازمی بە یاوەریی فەرماندە ئەمنییەکان سەردانی بەسرەی کرد

دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا، كازمی بە یاوەریی فەرماندە ئەمنییەکان سەردانی بەسرەی کرد
كوتوپڕ دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكاوە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتیی تیمێكی ئەمنی گەیشتە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق كە ناڕەزایەتی تێیدا سەریهەڵدایەوە.

نووسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 2020/08/22 لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "دوای كۆتاییهاتنی گەشتەكەی بۆ واشنتن، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گەڕایەوە بەغدا".

بەڵام دوای چەند كاژێرێك لە گەڕانەوەی بۆ بەغدا، دەزگاكانی راگەیاندن لە عێراق ئاشكرایان كرد، مستەفا كازمی، ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتیی تیمێكی ئەمنی و یاوەریی عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە پارێزگای بەسرە كە چەند رۆژێكە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دژی كوشتنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان تێیدا سەریهەڵداوەتەوە.

سەردانەكەی كازمی بۆ بەسرە دوای رۆژێك هات لە سووتاندنی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە بەسرە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رووداوەكانی كوشتنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە لە بەسرە زیادبوون. دواترینی ئەو رووداوانەش كوشتنی ژنە پزیشكێكی چالاكوان بوو بە ناوی ریهام یەعقووب و ئافرەتێكی دیكەی یاوەری کە چوارشەممەی رابردوو 19ـی ئابی 2020 لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە تەقەیان لێکرا.

بەپێی حكومەتی عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان لەو وڵاتە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2019وە تاوەکو ئێستا بەلایەنی كەمەوە 565 خۆپیشاندەر و چالاكوان و كارمەندی ئەمنی بەهۆی خۆپیشاندان و لێكەوتەكانی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەك لەو لە چالاكوانە كوژراوانەش بە گوللـەی چەكدارانی نەناسراو كوژراون.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سێشەممەی رابردوو 18ـی ئابی 2020 بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بەسەردانێک لە واشنتن بوو، بڕیاری دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسرە و چەند فەرماندەیەکی ئەمنی دەرکرد.

بڕیارەکە لەپاش "تیرۆرکردنی" ریهام یەعقووب درا. مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تویتێکی کرد و نووسیبووی، هەموو ئەو رێکارانە دەگرینەبەر کە وا لە لایەنە ئەمنییەکان بکات کار و ئەرکی خۆیان بەباشی جێبەجێ بکەن.

کازمی و شاندی یاوەری لەو سەردانەدا بە بەهای نزیكەی 8 ملیار دۆلار رێككەوتنیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی واژۆكرد.


rudaw
Top