بەشێکی شیعەکان پێیانوایە گفتوگۆی ئەمریکا و عێراق بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبییە
لایەنە شیعە دەستڕۆیشتووەکانی عێراق کە باڵی سیاسی و سەربازییان ھەیە، بەر لە گەڕانەوەی مستەفا کازمی لە ئەمریکا ئاڵای دژایەتییان بە روودا بەرزکردەوە.
ئامانجی ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و کەمکردنەوەی رۆڵی ئێران لە عێراق ئەو ترسەیە کە بەرۆکی گرتوون و دەیانەوێت دژبەرانی کازمی فراون بکەن و تەناتەن شەقامیشی لە دژ بجووڵێنن تاوەکو رێگە لە ھەر ھەوڵێکی لەو شێوەیە بگرن.
زوحاخالیدی، شرۆڤەکارێکی نزیک لە حەشدی شەعبییە و دەڵێت، "ئەنجامی ئەو سەردانە لە ئاستی ئەو داوکارییە نەبوو کە کوتلە سیاسییەکان بە بەڕێز کازمییان دابوو بۆ گەیاندنی کە ئەویش دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق، بەڵام لەو ئاستەدا نەبوو. پێم وایە لە رۆژانی داھاتوودا یان لە ھەفتەکانی داھاتوودا ناڕەزایەتییەکان لەلایەن ئەو ھێزانەوە دژی بەڕێز کازمی فراوانتر دەبن".
دەوڵەتی یاسای نووری مالکی و ھاوپەیمانیی فەتحی ھادی عامری کە خۆیان وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەناسێنن، دژی دیالۆگی ستراتیژیی بەغدا و واشنتنن. لای ئەوان تەنیا جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا چارەسەرە و بەر لە رۆیشتنی کازمی بۆ ئەمریکا ھەر ھەمان پەیامیان پێدابوو.
تاھیر دەراجی، ئەندامی ھاوپەیمانیی فەتحە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکەم دیالۆگ دەبێت بەرنامەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بێت لە خاکی عێراق. بۆیە ھاوپەیمانیی فەتح دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو پرسە تەنیا داوکاریی ھاوپەیمانیی فەتح نییە، بەڵکو ئەمە خواست و داوکاریی خەڵکی نیشتمانییەکەیە و پەرلەمانیش ئەمەی دووپات کردووەتەوە، بۆیە دەبێت رێز لەو بڕیارە بگیرێت. بەڵام بە پێچەوانە ھەوڵ ھەیە بە پلەی یەکەم دژی بەرەی بەرگریی حەشدی شەعبی و دوورخستنەوە و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانی دراوسێ".
سەرباری ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئەمریكا بە چەند هەنگاوێك ژمارەیەك سەربازی لە بنكە سەربازییەكانی عێراق كەمكردەوە، بەڵام پێناچێت وا زوو دەستبەرداری پەیوەندییەكانی بێت لەگەڵ بەغدا. بەر لە دەستپێکی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتن، بەپێی زانیارییە دزە پێکراوەکان ئەمریکا مەرجی خۆیەکلاکردنەوەی عێراق لەنێوان واشنتن و تارانی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی باڵای عێراق.
rudaw