لە بەسرە خۆپێشاندان دەستیپێکردەوە
خۆپێشاندەران لە ناوەڕاستی شاری بەسرە لە گۆڕەپانی جوبەیلییەوە چوونە سەر نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە بەسرە و هاوکات بڵاوە بە هێزێکی ئەمنی زۆر کراوە.
خۆپێشاندەران لە کوشتنی چالاکڤانەکان تووڕەن، کە لەم ماوەیەدا زیادیکردووە و پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکرێت. هاوکات 48 کاژێریان بە نوێنەرەکانی بەسرە لە پەرلەمانی عێراق داوە بۆ ئەوەی ئەسعەد عیدانی، پارێزگای بەسرە لەکارەکەی دووربخەنەوە.
رۆژی چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بەسەردانێک لە واشنتنە، بڕیاری دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسرە و چەند فەرماندەیەکی ئەمنی دەرکرد، بڕیارەکە لەپاش "تیرۆرکردنی" چالاکڤانێک بەناوی ریهام یەعقووب کە پزیشکی بێهۆشکردن بوو درا. مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تویتێکی کرد و گوتی، هەموو ئەو رێکارانە دەگرنەبەر کە وا لە لایەنە ئەمنییەکان بکات کار و ئەرکی خۆیان بەباشی جێبەجێبکەن.
ریهام چالاکڤانێکی خۆپیشاندانەکان بوو لە بەسرە و لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
وڵاتانی ئەوروپی کوشتنی چالاکوانان لە عێراق سەرکۆنە دەکەن
چەندین باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی تووندوتیژییەکان بەرامبەر چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی عێراق دەردەبڕن.
باڵیۆزخانەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپا و شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، نیگەرانن لە زیادبوونی تووندوتیژییەکان بەرامبەر چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی عێراق.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەڵمەتێکی سیستماتیکی هەڕەشە و ترساندن هەیە و "ئێمەش کوشتنی ئەم دواییەی چالاکوانان لە بەسرە و بەغدا سەرکۆنە دەکەین".
وڵاتانی ئەوروپی دەڵێن، چالاکڤانیی مەدەنی بریتییە لە یەکێک لە ستوونەکانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی خەڵک بکات و بەرپرسانە مامەڵە بکات و هەربۆیە دەبێت بپارێزرێت و لەو گۆشەنیگایەوە "هانی بەرپرسانی عێراق دەدەین شانبەشانی ئێمە سەرکۆنەی ئەم کارە تووندوتیژییانە بکەن و داواشیان لێدەکەین هەنگاو بنێن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارانە بەگوێرەی یاسا سزادەدرێن".
وڵاتە ئەوروپییەکان دەستخۆشی لە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن کە بەڵێنیداوە بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بێدەنگ نەبێت و پاڵپشتی خۆیشیان بۆ دووپاتدەکەنەوە بۆئەوەی بتوانێت گرووپە چەکدارەکان بخاتەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتەوە.
rudaw