وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و عێراق پێشوازیی لە گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و عێراق پێشوازیی لە گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دەکەن


هەردوو وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای هەماهەنگیی بەغدا- واشنتنیان کرد و بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکردووە و تێیدا ئاماژەیان بە گفتوگۆی هەولێر و بەغدا، کردووە.

وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لێژنەکەیان کردووە و هەردوولا جەختیان لە پابەندیی وڵاتەکانیان بە پەیوەندیی ”بەهێز و بەرهەمدار“، کردووەتەوە.

فوئاد حوسێن و مایک پۆمپیۆ لە کۆبوونەوەکەیاندا، تاوتوێی بەرەوپێشچوونی گفتوکۆکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و وزە کردووە و پێشوازییان لێکردووە.

کۆبوونەوەکەی فوئاد حوسێن و مایک پۆمپیۆ چەند تەوەرێکی لەخۆ گرتووە، کە بریتین لە؛

- ئابووری

هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی هاوکاریکردنی عێراق لە رووی داراییەوە بۆ رزگاربوون لە دەرهاوێشتەکانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، کردووە، جگە لە ئەنجامدانی چاکسازیی دارایی لە عێراق.

- وزە

هەردوو وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و گازی سروشتی و بەردەوامبوونی هەماهەنگیی عێراق لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی عەرەبی و هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە، کردووە.

- تەندروستی

هەردوولا جەختیان لە هاوبەشیی بەردەوام بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کردووە و سووربوونی خۆیان لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ فراوانکردنی بازرگانیی نێوانیان لە واری تەندروستی، نیشان داوە.

- سیاسی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە رێزگرتن لە سەرەوەریی عێراق کردووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا، پابەندیی وڵاتەکەی بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان لە عێراق و هاوکاریکردنی قوربانییانی دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، نیشان داوە.

- ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کراوەتەوە و ئەمریکا بەڵێنی بەردەوامبوون لە هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق لە دژی داعش، داوە.

هەماهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لە دژی داعش، بەشێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و گفتوگۆ لەبارەی پێشخستنیان، کرا.

- کولتوور و خوێندن

لەو کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ لە بارەی هاوکارییە رۆشنبیرییەکانی ئەمریکا و پێشخستنی واری خوێندن لە عێراق، کراوە.








باسنيوز
Top