شەڕی سایبەر لە ئێران؛ گەڕان بەدوای شوێنپەنجەی ئیسرائیلدا

شەڕی سایبەر لە ئێران؛ گەڕان بەدوای شوێنپەنجەی ئیسرائیلدا
پاش چەندین رووداوی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە کە لە چەند مانگی رابردوودا لە ئێران روویاندا، بەتایبەت تەقینەوەیەکی گەورە لە دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی، سوپای ئێران دانی بە "زیادبوونی هێرشە سایبەرییەکان"دا بۆ سەر وڵاتەکەی نا و، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی کرد.

لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە زنجیرەیەک تەقینەوە و رووداوی ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران روویاندا. ئەو رووداوانە زۆرینەیان دامەزراوە و دەزگای گرنگی سەربازی و سڤیلیان لەو وڵاتەدا گرتەوە، بەبێ ئەوەی لە هیچ کام لەو رووداوانەدا هۆکارەکان ئاشکرا بکرێن یان کەسانی پەیوەست بە رووداوەکان دەستگیر بکرێن.

گەورەیی و هەستیاریی شوێنی رووداوەکان، زنجیرەی یەک بەدوای یەکی رووداوەکان، گومانی ئەوەیان دروستکردووە کە رووداوەکان دەستیان لەپشتەوە بێت، بەتایبەت کە زانراوە ئێران و ئیسرائیل جەنگێکی سایبەری لەنێوانیاندا بەڕێوەدەچێت.


سوپا چی دەڵێت؟

دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، "هێرشە سایبەرییەکان لە دژی ژێرخانی زیندووی وڵات زیادیان کردووە".

بڵاوکراوەکە هەڕەشەی کردووە، "ئەگەر هێرشەکان بگەنە ئاستی هێرشێکی باوی چەکداری، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامبداتەوە و بەرگری لە خۆی بکات".

بەپێی هەمان ماڵپەر، ئەمە یەکەم جارە دەستەی گشتیی هێزە سەربازییەکانی ئێران بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە هەڕەشەی هێرشە سایبەرییەکان بڵاودەکاتەوە.

بڵاوکراوەکە جۆری هەڕەشەکانی ئاشکرا نەکردووە، ناوی هیچ وڵاتێکیشی وەک بەرپرسی هێرشەکان نەهێناوە، بەڵام دەستەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، "وەڵامی ئەو هەڕەشانە دەدەینەوە، بکەران چ حکومەتەکان بن یان کەسانی تاک کە هەندێک حکومەت پشتگیرییان دەکات".

بڵاوکراوەکە دەڵێت کە ئەو هێرشە سایبەرییانە بریتیبوون لە "هێرشەکانی بەئامانجگرتنی ژێرخانی زیندووی نیشتمانی، لەنێویاندا ژێرخانی بەرگریی وڵات". ئەو جۆرە هێرشانەی بە "بەکارهێنانی هێز" ناوبردووە.

لە دوای زنجیرە رووداوەکانی دوو مانگی رابردووی ئێران، چەندین سەرچاوە باس لە هەڵچوونی جەنگی ئەلیکترۆنیی نێوان تەلئەبیب و تاران دەکەن.


هێرشە سایبەرییەکان چین؟

ماڵپەری "ویکلیکس" لە پێناسەی هێرشە سایبەرییەکاندا دەڵێت، "هێرشەکە لەنێو ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و تۆڕەکانییەوە دەکرێت. هێرشەکە بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ لەکارخستن، وێرانکردن، دزیلێکردن یان گەیشتن بە زانیارییەکانی ناو هەر کۆمپیوتەرێکی تایبەتمەند بە دامەزراوە گرنگەکان".

ویکلیکس زیاتر روونی دەکاتەوە کە "هێرشی سایبەری دەکرێت بە هێرشی ئەلیکترۆنییش ناوببرێت. جۆرێکە لە مانۆڕی هێرشبەرییانە کە ئامانجیەتی بگاتە سیستەمی کۆمپیوتەر، یان ژێرخانی تۆڕەکانی کۆمپیوتەر یان کۆمپیوتەری کەسی. کەسی هێرشکەر هەوڵدەدات زانیاری بدزێت، یان ئەو زانیارییانە بەردەست بخات کە پێویستی پێیانە و بۆی هەیە هێرشەکە بە مەبەستی زیانگەیاندن بکات".

بەپێی پێناسەی ماڵپەرە جیهانییەکە، دەکرێت هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بەشێک بن لە جەنگێکی ئەلیکترۆنی یان تیرۆری ئەلیکترۆنی. دەکرێت لەلایەن دەوڵەتانەوە یان کەسانی سەربەخۆ یان کۆمەڵە و گرووپ و رێکخراوە چەتەییەکان لە دژی یەکدی بەکاربهێنرێت. دەکرێت هێرشە سایبەرییەکان پێگەیەکی دیاریکراو لە سیستەمێکی کۆمپیوتەریدا بکەنە ئامانج، بیدزێت یان بچێتە ناوی و پرۆگرامی سیخوڕیی تێدا بچێنێت، یان هەوڵبدات سیستمێک بەتەواوی وێران بکات و هەڵیبوەشێنێت.

ئێستا جەنگی ئەلیکترۆنی نوێترین جۆری جەنگە لە جیهاندا، وڵاتانی هێرشکەر دەتوانن بەهۆیەوە دزەبکەنە ناو سیستەمی کۆمپیوتەریی هەر دامەزراوەیەکی گەورە و تێکیبشکێنن. ئەگەر دامەزراوەکە پەیوەندیی بە خزمەتگوزاریی گشتییەوە هەبێت کێشەی زۆر دروستدەکات. بۆ نموونە پەلاماردانی سیستەمی کارپێکردنی ئەلیکترۆنیی ئینتەرنێت، یان بەنداو، یان بیری نەوت، یان هێڵی شەمەندەفەر یان دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە و دەکرێت کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت.


زنجیرەی مێژوویی رووداوەکانی دوو مانگی رابردووی ئێران

ماڵپەری "تەرەتە عەرەبی" لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا زنجیرەی رۆژ و کاتی رووداوە گوماناوییەکانی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە. بەپێی ماڵپەرەکە لە ماوەی رابردوودا ئێران رۆژانە هەواڵی سووتانی دارستان و تەقینەوەی یەک لەدوای یەکی لە دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانیدا راگەیاندووە بەبێ ئەوەی هۆکار و بکەرانی رووداوەکان ئاشکرابن. بەڵام هەموو جارێکیش دەستی تۆمەت بۆ ئیسرائیل لە رووداوەکاندا درێژدەکرێت.

ماڵپەرەکە زنجیرەی رووداوەکانی بە ئاگرگرتنی حەوت کەشتیی ئێرانی لە نزیک بەندەری بوشەهری باشووری ئێران لە 15ی تەممووزدا دوایی پێهێناوە کە وەک ئەو دەڵێت، ئەوە دوایین رووداوە تا ئەو کاتە.

ئاژانسی "تەسنیم" لەبارەی سووتانی کەشتییەکانەوە رایگەیاند کە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و کەس گیانی لەدەستنەداوە. بەبێ ئەوەی هۆکاری ئاگرەکە ئاشکرا بکات.


رووداوەکانی پێش سووتانی کەشتییەکان بەمشێوەیە بوون:

لە 30ـی حوزەیراندا تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوەندێکی پزیشکی لە باکووری تاران روویدا و 13 کوژراوی لێکەوتەوە. تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ئەو کات ئاشکرایکرد، تەقینەوەکە لە ناوەندی "سینا ئەتهەر" روویداوە و زیانی بە باڵەخانەکانی نزیکی گەیاندووە.

بەپێی راگەیێندراوی دەزگا فریاگوزارییەکانی ئێران، درەنگانی شەو تەقینەوەکە روویداوە کە پاشان بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لەنێو کوژراوەکاندا 10 ئافرەت هەن. حوسێن رەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تاران رایگەیاند، لە ژێرزەمینی ناوەندەکەدا ئاگر کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی تەقینی بوتڵە غازەکان.

رۆژی 2ی تەممووزدا لە رووداوێکدا کە بە زیانبەخشترین بۆ ئێران دادەنرێت، ئاگرێکی گەورە لە دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی کەوتەوە و وەک ئەوەی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشکرایکرد، زیانی زۆر بەر دامەزراوەکە کەوت.

بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە ئاژانسی "نوورنیوز"ی راگەیاند کە ئاگرەکە زیانی زۆری بە ناوەندی دەرکردەی دامەزراوەکە گەیاندووە و زیانی گیانی لە رووداوەکەدا نەبووە، بەڵام ئامێرەکانی نێو بەشە سووتاوەکەی دامەزراوەکە کە ئامێری هەستیاری پێوانەکردن بوون، چیدی بە کەڵکی بەکارهێنان نایەن.

دامەزراوەی نەتەنز لە ئێراندا بە گەورەترین دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم دادەنرێت و بڕبڕەی پشتی هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەیە. شرۆڤەیەکی پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، وێنەی مانگە دەستکردەکان لەدوای تەقینەوەی دامەزراوەکەوە دەریدەخەن کە ئەو زیانانەی بەر دامەزراوەکە کەوتوون ئەوەندە بەهێزن چیدی ئەو دامەزراوەیە بە کەڵکی چاککردنەوە نایەت، دەبێت بڕووخێنرێت و سەرلەنوێ دروستبکرێتەوە.

رۆژی 4ی تەممووز ئاگر لە وێستگەی زەرقانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەوتەوە کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران.

هەمان رۆژ دزەکردنی غاز لە کارگەی کارۆنی پترۆکیمیایی لە نزیک بەندەری ئیمام خومەینی لە نزیک کەنداو روویدا کە سەر بە وەزارەتی نەوتی ئێرانە.

بەڕێوەبەری کارگەکە رایگەیاند، ژمارەیەک کارمەندیان بەهۆی هەڵمژینی کلۆرەوە،کە لە رووداوەکەدا بە هەوای ناو کارگەکەدا بڵاوبووەتەوە، ژەهراوی بوون.

رۆژی 10ی هەمان مانگ هەواڵەکان باسیان لە تەقینەوەیەکی گەورە کرد لە ناوچەکانی دەوروبەری تارانی پایتەختدا.

دەستەی تەلەڤزیۆن و رادیۆی ئێران ئاشکرایکرد، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە رۆژئاوای تاران بیستراوە و بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی کاتی وزەی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای پایتەخت بڕاوە.

ئێوارەی رۆژی دواتر، فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی تاران رایگەیاند، تەقینەوەی غاز بووەتە هۆی هەژاندنی باڵەخانەیەک لە تارانی پایتەخت. بەپێی ئاژانسی "ئیسنا" لە رووداوەکەدا تەنیا کەسێک بریندار بووە و رووداوەکە لە شەقامی سەبەلان روویداوە.

بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی تاران گوتی، رووداوەکە لە ژێرزەمینی خانوویەکدا روویداوە کە زیاتر لە 30 بوتڵ غازی تێدا هەڵگیراوە و بەهۆیەوە دانیشتوویەکی ماڵەکە بەسەختی بریندار بووە.

رۆژی 12ی تەممووز ئاژانسی دەنگوباسی ئێران لە زاری بەرپرسێکی ناوخۆیی گواستەوە کە ئاگرێک لە دامەزراوەیەکی سەر بە کۆمپانیای شەهید تووندجۆیانی پترۆکیمیایی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران روویداوە و تا ئێوارەی ئەو رۆژە ئاگرەکە کۆنترۆڵنەکراوە.

موحسین بیرانوەند، پارێزگاری ماهشەهر رایگەیاند، هیچ زیانێکی گیانی لە رووداوەکەدا نەبووە.

شەوی 13ی تەممووز تەقینەوەیەکی بەهێز لە یەکێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی چڕکراوە غازییەکان لە ناوچەی کاویانی پیشەسازیی نزیک لە شاری مەشهەد روویدا.

ماڵپەری "ئێران ئینتەرناشناڵ" لە زاری جەواد جەهاندۆست، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکەوەی گواستەوە کە ئاگر لە یەکێک لە کۆگەکانی چڕکراوە غازییەکان لە کارگەی پترۆنەوت کەوتووەتەوە کە 75 کیلۆمەتر لە شاری مەشهەدەوە دوورە.

دەستەی تەلەڤزیۆن و رادیۆی ئێران ئاشکرایکرد، تەقینەوەکە زیانی زۆری بە کۆمپانیاکە و ئەو کۆمپانیایانەی دیکە گەیاندووە کە لێوەی نزیکن.


رووداوەکانی دیکە

رووداوە تەمومژاوی و سەرچاوە و هۆکار نەزانراوەکان لە شار و ناوچە و دامەزراوە جیاوازەکانی ئێراندا درێژەیان کێشا.

رۆژی 19ی تەممووز تەقینەوەیەک لە شاری ئەسفەهان لە وێستگەیەکی کارەبادا روویدا بەبێ ئەوەی هۆکار و زیانەکانی ئاشکرا بکرێن.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە 28ـی هەمان مانگدا ئاشکرایانکرد لە شاری دەوڵەت ئاباد تەقینەوەیەک روویداوە.

ئاژانسی "ئیسنا" لە تویتەری خۆیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا سووتانی شەش تانکەر لەنێو پارکێکی گواستنەوەدا دەردەکەون. تەقینەوەکە بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی پێویستی بە 100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و 23 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هەبووە. هۆکاری ئاگرەکە ئاشکرا نەکرا.

رۆژی 4ی ئاب لە یەکێک لە ناوچە پیشەسازییەکانی تارانی پایتەخت ئاگرێکی گەورە کەوتەوە. تەلەڤزیۆنی ئێران رایگەیاند، ئاگرەکە لە ناوچەی پیشەسازی لە ناوچەی جاجروود کەوتووەتەوە بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.

بەپێی بەرپرسە ئێرانییەکان، ئاگرەکە لە وێستگەیەکدا کەوتووەتەوە کە بە سیستمی تەکنەلۆجی کاردەکات.


تۆڕەکانی ئینتەرنێت

پێشتر لە سەرەتاکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هێرشێکی سایبەریی گەورە کرایە سەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە ئێراندا. دامەزراوەی "نێت بلۆکس" کە دامەزراوەیەکی ناحکومییە ئاشکرایکرد، تۆڕی پەیوەندییەکانی ئێران بۆ ماوەی چەند کاژێرێک راوەستاوە و بەهۆیەوە دەسەڵاتدارانی ئێران لەپێناو رێگرتن لەو هێرشەی کراوەتە سەر تۆڕەکانیان ناچاربوون نزیکەی 75٪ـی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی وڵات دابخەن.

بەرپرسانی وەزارەتی زانیاری و تەکنەلۆجیای ئێرانی رایانگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی سیستمی ناونراو بە "قەڵای ئەلیکترۆنی" رێگەیان لەو هێرشە گرتووە کە ئامانجی پەکخستنی تۆڕەکانی ئینەرنێت بووە لە سەرانسەری وڵاتدا. بەرپرسەکان گوتوویانە ئێران لە ساڵانی رابردوودا هێرشی زۆری ئەلیکترۆنیی کراوەتە سەر، بەڵام ئەمەیان گەورەترین بووە.


دامەزراوە سەربازییەکان

ئەو تەقینەوانەی لە ئێراندا روویاندا بێگومان دامەزراوەی هەستیاری سەربازییان گرتەوە.

رۆژی 26ی حوزەیران بنکەی "خوجەیر"ی تەقاندنی مووشەک لە رۆژهەڵاتی تاران تەقییەوە کە نزیکە لە سەربازگەی بارچینەوە. تەقینەوەکە زیانی زۆری بە دامەزراوە مووشەکییەکانی ئێران گەیاندووە.

لە رۆژی 10ی هەمان مانگیشدا وەک ئەوەی سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە تەقینەوەیەک لە ناوچەی گەرمەدرە لە رۆژهەڵاتی تاران روویداوە، ئامانج لێی بنکەیەکی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران بووە لە ناوچەکەدا. وێنەی مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیای "پلانێت لابز" ئاشکرایان کرد تەقینەوەکە رووبەری 22 هەزار مەتر چوارگۆشەی لە ناوچەکەدا سووتاندووە بەبێ ئەوەی بەرپرسان قەبارەی زیانەکان ئاشکرا بکەن.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لانیکەم 22 تەقینەوەی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا روویانداوە کە ئامانجیان دامەزراوە هەستیار و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بووە.


کێ لەپشت رووداوەکانەوەیە؟

ئەوە دیارترین پرسیاری دوای هەموو زنجیرە تەقینەوەکانی ناو ئێرانە. زۆرینەی گومانەکانیش روو لە ئیسرائیلن، چونکە ئیسرائیل دەیەوێت هەموو هەوڵێکی ئێران بۆ پەلهاویشتنی زیاتر لە ناوچەکەدا و گەشەپێدانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی پەکبخات. ئیسرائیل لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بێشەرمانە هێرشدەکاتە سەر دامەزراوەکانی ئێران، لەوانەش بارەگای میلیشیاکانی ئێران لە عێراق، سووریا و لوبنان، بۆیە کاتێک پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت، شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، هەندێک بەرپرسی ئێران بەشێوازی پەردەپۆشکراو سەرجەمی رووداوەکان دەدەنە پاڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە بدەن.

بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە کە هەندێک لە رووداوەکانی دوو مانگی رابردوو "بەهۆی کەشوهەوا، گەرما و رەشەباوە روویانداوە".

فوئاد ئازادی، شرۆڤەکاری ئێرانی لە تارانەوە بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە کە "بۆچوونێک هەیە پێیوایە ئەوانەی دەیانەوێت گۆڕانکاری لە تاراندا دروستبکەن، هەموو شت فڕێدەدەنە ئێرانەوە تاوەکو بزانن کاریگەریی دەبێت یان نا". ئەو دەڵێت، شەپۆلی تەقینەوە و ئاگرەکان "جۆرێک لە ناسەقامگیری و پشێوی و نەبوونی ئاسایش دەخاتەوە".

هێشتا بەرپرسانی ئێران تەقینەوە و ئاگرەکانیان نەداوەتە پاڵ هیچ کەسێک، بەڵام دەڵێن ئەوەی روودەدات شتێکی ئاسایی نییە، چونکە جیا لەو رووداوانەی ئاشکراکراون، کۆی 1100 دارستانی وڵاتەکە لە چەند مانگی رابردوودا ئاگریان لێکەوتووەتەوە و بەهۆیانەوە زیاتر لە 150 میلی دارچێنراو سووتاون.


گەڕان بەشوێن جێدەستی ئیسرائیلدا

پێشتر ماڵپەری "بزنس ئینسایدەر" بەمەبەستی هاندانی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل بەر لەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچن، لە دوو سەرچاوەی ئەوروپی و ئیسرائیلیی گواستەوە کە تەلئەبیب ژمارەیەک کردەوەی تەقاندنەوە و سووتاندنی لەناو ئێراندا کردووە. .

ماڵپەرە ئەمریکییەکە لە زاری بەرپرسێکی پێشووی سەربازیی ئیسرائیلی گواستووەتەوە کە هەندێک لە هێرشەکانی ماوەی دوایی نێو تاران لەلایەن هەواڵگریی ئیسرائیلەوە جێبەجێ کراون. سەرچاوە ئەوروپییەکەش پێیوایە کە ئیسرائیل ئەو هێرشانە دەکات، چونکە بەبوونی ترەمپ لە سەرۆکایەتیی ئەمریکادا پشتقایمە و دڵنیایە ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی بە ئاسانی بۆ ناچێتە سەر.

عەباس مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی 9ی تەمووز لە بارەی تەقینەوەی نەتەنزەوە گوتی، "ئەو لێکۆڵینەوانەی پسپۆڕان و هێزەکانی ئاسایش دەیانکەن تا ئێستا بەردەوامن، لەبەر ئەوە جارێ هیچ وردەکارییەک راناگەیێندرێت".

کاتێک هەموو پرسیارەکان لەبارەی رووداوەکانی ناو ئێرانەوە ئاراستەی تەلئەبیب کران، وەک ئەوەی ماڵپەری DWی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، گابی ئەشکنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە هەندێک رێوشوێن دەگرینە بەر،کە پێویست ناکات ئاشکرایان بکەین". لە کاتێکدا وەک هەمان ماڵپەر دەڵێت، بینی گانتس، سەرۆکی دەستەی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل گوتوویەتی، "مەرج نییە هەموو رووداوێک کە لە ئێران روودەدات ئێمە لەپشتییەوە بین".


رووداوەکانی 2002 و هێرشەکانی 2020

لە رۆژنامەی "هائارێتس"ـی ئیسرائیلیدا یۆسی میلمانی رۆژنامەڤان پەیوەندیی لەنێوان تەقینەوە و رووداوەکانی ئێران و رووداوی پێشتردا دروستکردووە. ئەو سەرەتای جەنگەکە بۆ ساڵی 2002 دەگەڕێنێتەوە کاتێک ئاشکرابوو ئێران پلانی هەیە بۆ دروستکردنی کارگەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنزدا. وەک ئەو دەڵێت، لەو کاتەوە "هیچ گومانێک لای تەلئەبیب و واشنتن نییە کە ئێران دەیەوێت ببێتە هێزێکی ئەتۆمی".

ئەو نووسەرە دەڵێت، "لەو کاتەوە چەندین هێرش و کاری تێکدەرانە و وێرانکردن کراونەتە سەر ئێران، لەنێویاندا هێرشی ئەلیکترۆنی بەهۆی ڤایرۆسی ستوکسنێتەوە کە ساڵی 2010 بووە هۆکاری پەکخستنی کۆمپیوتەرەکانی کۆنترۆڵکردنی دەرکردەی ناوەندی لە نەتەنزدا". ئەو نووسەرە بە دووری نازانێت رووداوەکانی ماوەی رابردووی ئێران ئیسرائیلیان لەپشتەوە بێت. ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە لەوانەیە هێرشەکان لە رێگەی ئەو کەمە نەتەوایەتییانەوە کرابن کە زۆر دژی حکومەتی تارانن.

میلمان دەڵێت، ئیسرائیل لە رێگەی بەڕێوەبەری مۆسادەوە چەندین جار رایگەیاندووە کە پشتگیری لە کەمە نەتەوایەتییە چەوساوەکانی ناو ئێران دەکات. بۆیە ئیسرائیل بە هەموو توانای خۆیەوە بۆ زیانگەیاندن بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوام دەبێت.

یۆسی میلمان دووپاتی دەکاتەوە، هێرشەکان مۆساد کردبنی یان نا، بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن ئیسرائیل لەپشتیانەوەیە کاریگەریی گەورە لەسەر ئێرانییەکان دروستدەکات و لێهاتوویی ئەو دەزگا ئیسرائیلییە لە بەرچاویاندا گەورەتر دەکات


rudaw
Top