بەغدا.. بەشیر حەداد و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک کۆ بوونەوە
بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی بەشیر حەداد جێگری یەکەمی پەرلەمانی عێراق بووە و هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، سیروان سیرینی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند پەرلەمانتارێکی کوردی کەرکووک بەشدار بوون، هاوکات چەندین بەڕێوەبەری دامودەزگاکانی کەرکووکیش لە کۆبوونەوەکە بەشدارن.
ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە تایبەتە بە پرس و بابەت و کێشە و گرفتەکانی پارێزگای کەرکووک کە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کۆمەڵێک کاری نایاسایی بەرچاو کراوە، بەتایبەتی هەڵاواردن و جیاوازیی نەتەوەیی و دەسپتێکردنەوەی پرۆسەی تەعریب لە شارەکە لەدژی پێکهاتەکان و بەتایبەتی لەدژی کورد گیراوەتە بەر.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٠ بەرپرسی کورد لە دامودەزگا جیاوازەکانی کەرکووک لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە کە نوێترین حاڵەتەکان بریتین لە قایمقامی ناوەندیی قەزای کەرکووک، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان و قایمقامی قەزای دووبزە.
بەپێی زانیارییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا د. بەشیر حەداد و پەرلەمانتارانی کوردی کەرکووک، داوای بەڵگە و ڕوونکردنەوەیان لە ڕاکان جبووری کردووە کە بە کام بەڵگەی یاسایی و هۆکاری چییە کە بەرپرسانی کورد لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا پرسی جیاوازیی نەتەوەیی کەلە کەرکووک لەڕوی خزمەتگوزارییەوە لە نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوکدا دەکرێت خراوەتە ڕوو، هاوکات بابەتی زەوی و زاری کوردی کوردی دەوروبەری کەرکووک و هێنانەوەی عەرەبە هاوردەکانیش خراوەتە بەرباس.
باسنيوز