بانكی ناوەندی عێراقی داوا لە هاووڵاتیان دەكات پارە لە ماڵەكانیان هەڵنەگرن
لە بەیاننامەیەكدا بانكی ناوەندی عێراقی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەوان هەوڵ دەدەن لە رێگەی ئەو رێنماییانەوە، پارێزگاری لە گوژمەی پارەی هاووڵاتیان لە دزین، فێڵكردن و هەڕمێنكردنی دراوە ساختەكان بكەن.
دووپاتیشی كردەوە، "توێژینەوە پزیشكییەكان سەلماندوویانە، كە كاغەزی نەختینە هۆكارێكی كارایە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكان، بە تایبەت كە ئێستا وڵات بە قەیرانێكی گەورەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا تێدەپەڕێت".
هەروەها هاتووە، ئەگەر هاووڵاتیان پارەكانیان لە بانكەكەیان هەڵبگرن، ئەوا بە شێوازی زانستیانە و بە تەكنیكێكی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ هەڵگرتن و گەنجینەكردنی پارەكاندا دەكەن.
لەكاتێكیشدا عێراق بە قەیرانێكی دارایی خراپدا گوزرە دەكات، بەشێك لە چاودێران لەو باوەڕەدان، ئەمە بیرۆكەیەكی باشە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان هان بدرێن پارەكانیان لە بانك دابنێن، چونكە لەلایەك مەترسی گواستنەوەی پەتاكە كەم دەكاتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە جگە لە پارێزگاریكردن لە سامانی هاووڵاتیان، دەبێتە وەبەرهێنانێكیش بۆ بازاڕی ناوخۆی عێراق.
دوای ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەهای دراوی عێراقی رووبەڕووی داڕمانێكی گەورە و پێشێلكاری بەشێك لەو بانكە ئەهلییانە بووەوە، كە بە سپیكردنەوەی پارە و بەقاچاغبردنی دراو تۆمەتبار دەكرێن، نزیكەی تەواوی عێراقییەكان متمانەیان بە بانكەكان نەماوە و پارەكانیان لە ماڵەكانیان هەڵدەگرن
k24