گروپێكی حه‌شدی شه‌عبی داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر توركیا ده‌كات

 گروپێكی حه‌شدی شه‌عبی داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر توركیا ده‌كات
گروپی به‌رگری ئیسلامی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گروپه‌كانی سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی عێراق به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی بۆردومانه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاته‌ كرد و رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ به‌رپرسیارێتی پاراستنی ناوچه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

به‌رگری ئیسلامی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌، "عێراق به‌ قۆناغێكی مێژوی مه‌ترسیدار تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام بێده‌نگی وڵاتانی جیهانی و حكومه‌تی عێراق مایه‌كی نیگه‌رانیه‌كی زۆره‌".

حكومه‌ت بێده‌نگی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌ركردنی سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانیه‌كان كردوه‌


ئاماژەی بەوەشکردوە، حكومه‌ت بێده‌نگی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌ركردنی سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانیه‌كان له‌ خاكی عێراق و كۆتاییهێنان به‌كاركردنی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی عێراق كردوه‌، بۆیه‌ توركیاش وه‌ك وڵاتێكی داگیركه‌ر به‌شێكه‌ له ‌پیلانه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ری پێنه‌گیرێت به‌شێك له‌ناوچه‌كان داگیرده‌كات و له‌ئێستاشدا هێزێكی زۆری له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆكردوه‌ته‌وه‌.

هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسن له‌ پاراستنی ناوچه‌كانیان


به‌رگری ئیسلامی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با باسی لەوەشکردوە‌، هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسن له‌ پاراستنی ناوچه‌كانیان و ده‌ركردنی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان، به‌ڵام "بێده‌نگن" و ته‌ماشای روداوه‌كان ده‌كه‌ن و هه‌ڵسوكه‌وتیشیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقی فیدڕاڵ جیاوازه‌.

داوای له‌حكومه‌تی عێراق كردوه‌، هه‌مو رێكار و رێوشوێنه‌كانی دیپلۆماسی و میللیی، سه‌ربازی و ئابورییه‌كان به‌رامبه‌ر توركیا بگرێته‌به‌ر


به‌رگری ئیسلامی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با داوای له‌حكومه‌تی عێراق كردوه‌، هه‌مو رێكار و رێوشوێنه‌كانی دیپلۆماسی و میللیی، سه‌ربازی و ئابورییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ پاراستنی خاك و سه‌روه‌ری عێراق بگرێته‌به‌ر و به‌ره‌نگاری هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان ببێته‌وه‌.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نابێت به‌بێده‌نگی بمێننه‌وه‌ و به‌رپرسیارێتی پاراستنی ناوچه‌كه‌یان له‌ده‌ستی داگیركه‌ران ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ

ئەوەشی خستەڕو، "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نابێت به‌بێده‌نگی بمێننه‌وه‌ و به‌رپرسیارێتی پاراستنی ناوچه‌كه‌یان له‌ده‌ستی داگیركه‌ران ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌گه‌رنا ده‌ستوه‌ردانه‌ سه‌ربازیه‌كانی توركیا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێته‌ هۆی داگیركاری هه‌میشه‌یی به‌شێك له‌ خاكی عێراق، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی به‌دوادادچێت".

لە ناوه‌ڕاستی مانگی (حوزەیران/6)ی ئەمساڵەوە سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێکردوە، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشەوە گەریلا و سەرکردەکانیان دەکاتە ئامانج، هەفتەی رابردوش کۆبونەوەیەکی هێزەکانی پاسەوانی سنور و پەکەکەی کردە ئامانج و بەهۆیەوە دو ئەفسەر و فەرماندەیەکی پەکەکە شەهیدبون.







خەندان
Top