کازمی لەبارەی سەردانی ئەمریکا: خۆ من پۆستەچی نیم
چاوەڕێ دەکرێت رۆژی 20ـی ئەم مانگە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆببێتەوە. سەردانەکە لەکاتێکدایە، لە چەند مانگی رابردوودا جموجووڵەکانی داعش لە هەندێک شوێن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق زیادیانکردووە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینڤان پێیان وایە پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بمێنێتەوە بۆئەوەی داعش بەهێزنەبێتەوە.
مستەفا کازمی لە بارەی یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت "دواجار، ئێمە هێشتا پێویستمان بە هاوئاهەنگی و هاوپەیمانییە لە چەند ئاستەنگێکدا. دەکرێت ئەمڕۆ بارودۆخەکە بەو جۆرە بێت کە پێویستمان بە پاڵپشتی راستەوخۆ و پاڵپشتیی سەر زەوی نەبێت. سرووشتی گۆڕدراوی هەڕەشەی تیرۆر بڕیار لە هاوئاهەنگییەکە دەدات"، لەوانەش بەردەوامیی راهێنان و پاڵپشتی لە بواری چەکدا.
زیاتر لە 40 ساڵە کێشە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە عێراق پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەردوو وڵات هەیە. مانگی رابردوو مستەفا کازمی سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوەوە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هیچ پەیامێکی لە بەرپرسانی ئێرانەوە بۆ واشنتن پێیە؟ کازمی گوتی، "ئێمە لە عێراق رۆڵی پۆستەچی ناگێڕین".
کازمی لە کاتێکدا بووەتە سەرۆکوەزیران کە عێراق بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت، لەوانەش قەیرانی ئابووری و تەندروستی. سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە چاکسازیی ئابووری ئەنجامبدات، رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و چەک بخاتەوە ژێر دەستی هێزە فەرمییەکانی وڵات. بەڵام لە ماوەی ئەم سێ مانگەی رابردوودا نەیتوانیووە بەشێکی زۆر لە ئەجێنداکەی جێبەجێبکات. لەوەش زیاتر، رۆژی 6ـی تەمموزی 2020 هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری ناسراوی عێراق و گۆشەنووسی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا کوژرا و هەر هەمان مانگیش هێڵا مێویس، هاووڵاتی ئەڵمانی لە بەغدا رفێندرا. ئەو دوو رووداوە و چەندینی دیکە بوونەهۆی ئەوەی پرسیاری جیددی لەبارەی دەسەڵاتی مستەفا کازمی دروستبن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو کارانە لە لایەن ئەو کەسانەوە ئەنجامدەدرێن کە بەرژەوەندییان لە دروستکردنی کەشێکی پڕ لە بێسەروبەرییدا هەیە. کازمی لەوبارەوە دەڵێت، "ئەو تاوانانە بریتین لە ئەنجامی چەندین ساڵ پێکدادان" و رەخنە لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی وڵات دەگرێت لەوەی نەیانتوانیوە لەرێگەی سیاسەتێکی سەرکەوتووەوە کاروباری وڵات بەڕێوەببەن.
کازمی لە چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی، "بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کاتێك تاوانکاران لێرە و لەوێ کاردەکەن بۆئەوەی ئارامی تێکبدەن. ئێمە پابەندین بە چاکسازیکردن لە دامەزراوەی ئەمنی و زیادکردنی تواناکەی بۆئەوەی بتوانێت رووبەڕووی هەموو ئاستەنگەکان ببێتەوە و ئەو کەسانە بە بەرپرسیار بزانێت کە ناتوانن هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزن و کۆتایی بەم گرووپە نایاساییانە بهێنن".
لەبارەی کوژرانی هیشام هاشمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە هێشتا بەردەوامە. کەیسەکە بە کراوەیی ماوەتەوە و چەندین سەرەداو دەستکەوتوون. حکومەتی عێراق بەڵینیداوە بەشوێن بکوژەکاندا بڕوات. کازمی دەڵێت، "هەروەها حکومەت هەندێک پێشکەوتنی بەدەستهێناوە لە دۆزینەوەی بکوژانی خۆپێشاندەران و متمانەی باشی بەدەستهێناوە لە ئامانجەکەی بۆ گەیشتن بە راستی. ناوەستین تاوەکو راستی دەردەکەوێت".
بەگوێرەی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان، بەڵام کازمی بەڵێنیداوە گەندەڵی کەمبکاتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، "ئامادەکاری دەکەین بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانەوە هەبێت بۆ بەدوداچوون لە کەیسە گەورەکانی گەندەڵی و کوشتن و تاوانە گەورەکان".
لە ماوەی چەندین مانگی رابردوودا دەیان جار هێرشکراوەتەسەر ناوچەی سەوز و ئەو بنکە سەربازییانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێیە. کازمی دەڵێت، ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە و کاری باش کراوە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوەندە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەی سەوز و بنکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
rudaw