پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە بەرنامەی گفتوگۆكانی كازمی و ترەمپدا نییە
گابریال سومای، ڕاوێژكاری دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کردووە، کە پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە بەرنامەی گفتوگۆكانی كازمی و تڕەمپدا نییە، بەڵکو دیدارەكەی كازمی بۆ گفتوگۆی پرسی دەستوەردانەكانی ئێرانە لە عێراق و ئەو هێرشە بەردەوامانەی حەشدی شەعبییە، کە دەیکاتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق.
کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیتیوتی ئەمریکی -کوردی، رایگەیاند، لە راستیدا پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن پرسێکی سەرەکی نابێت، چونكە ئەمەریكا خۆی بڕیاریداوە هێزەكانی لە عێڕاق كەم بكاتەوە.
کارۆخ خۆشناو هەروەها رایگەیاند، واژووکردنی ڕێكەوتنی كۆتایی واشنتن - بەغدا دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەمەریكا، بەڵام کازمی ئەم سەردانە وەكو نمایشێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاردەهێنێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی بۆ ئەمەریكا گرنگە چەككردنی حەشدی شەعبی و لەقاڵبدانی دەسەڵاتی ئێران و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە عێراق بۆ دوورخستنەوەی حەشدی ئێرانی و دەنگ نەهێنانیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێڕاق.
بڕیارە مستەفا کازمی رۆژی 20-8-2020 بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای عێراق، سەردانی ئەمریکا بکات.
باسنیوز