مەترسیدارترین ئەنجامدەری كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر دەستگیركرا

مەترسیدارترین ئەنجامدەری كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر دەستگیركرا
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، یه‌كێك لە مەترسیدارترین تیرۆریستی بەشدار لە كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر كراوه‌.
لە بەیاننامەیەكدا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق گوتی: "لەسەر فەرمان و رێنماییەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دژە تیرۆری عێراق لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانیان لە سەرجەم ناوچەكان بەردەوامن، لەو چوارچێوەیەشدا دوای چەند مانگێك چاودێری و بەدواداچوون توانییان تاوانبار بەناوی "ن، ط" دەستگیر بكەن، كە یەكێكە لە مەترسیدارترین ئەو تیرۆریستانەی بەشدارییان لە كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەردا كردووە".
ئاماژەی بەوەشدا، "پرۆسەی دەستگیركردنی ئەو تاوانبارە لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدرا" و جەختیكردەوە، "دوو تیرۆریستی دیكەیان لە پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین دەستگیركردووە و دۆسییەكەیان رەوانەی دادگا كردووە، بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن".
لە ساڵی 2014 چەكدارانی رێكخراوی داعش نزیكەی 2 هەزار قوتابی كۆلیژی هێزی ئاسمانییان لە شاری تكریت بەدیل گرت و لە پارێزگای سەڵاحەدین كۆمەڵكوژییان كرد، كە بە كۆمەڵكوژی سپایكەر دەناسرێت.



k24
Top