عێراق رێكاری یاسایی دژ بە توركیا دەگرێتەبەر
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی: "وەزارەتەكەیان دوو جار باڵیۆزی توركیای لە بەغدا بانگهێشت كردووە و دوو یاداشتنامەی ناڕەزایەتی عێراقی بە زمانێكی توند پێداوە لەسەر دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری خاكی عێراق"، داواشی لە حكومەتی توركیا كرد، ئەنجامدەرانی تاوانە دەستدرێژییەكان ئاشكرا بكات و بە سزای خۆیان بگەیەنێت.
هەروەها گوتی: "فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق چەندین پەیوەندی لەگەڵ هاوتا عەرەبەكان و بیانییەكانی ئەنجامداوە و هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی پشتگیری هەڵوێستی عێراق لە بەرگریكردن لە سەروەرییەكەی دەكەن".
ئاماژەی بەوەشدا، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەسەر مامەڵەی هاوشێوەی توركیا كردووەتەوە، لە رێگەی راگرتنی كاركردن بە رێكەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرەی ساڵی 2009، كە بەگوێرەی ئەو رێكەوتنە لە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان ڤیزا بە گەشتیارانی یەكتر بدەن، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكانی یەكتر، وێڕای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانی تەواوی بەرپرسانی توركیا بۆ عێراق، لە سەرووی هەمووشیانەوە سەردانی خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا".
هەروەها دووپاتیكردەوە، "عێراق پشت بە یاسا نێودەوڵەتییەكان دەبەستێت بۆ پارێزگاریكردن لە مافەكانی" و گوتی: "گوتاری سیاسی و دیپلۆماسی دوو رێگەی سەرەكین كە دەكرێت لە رێگەیانەوە گرژییەكان كەم بكەینەوە و بە دیدێكی هاوبەش بگەین، كە بتوانێت تەواوی كێشەكان بەهاوبەشتی چارەسەر بكات".
ئەمە لەكاتێكدایە، وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاندووە، لەسەر كردە سەربازییەكانی لەناوچە سنوورییەكانی عێراق "مەبەستی هەرێمی كوردستانە" بەردەوام دەبێت، ئەگەر بوونی پەكەكە لەو ناوچانە بەردەوام بێت و ئاشكراشی كردووە، ئەم هەڵوێستەی وڵاتەكەیان بە دەسەڵاتدارانی عێراقی راگەیاندووە.
ئەم گرژییانە دوای ئەوە هاتووە، بەر لە چەند رۆژێك بەهۆی هێرشی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا 5 ئەفسەر و سەربازی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر شەهید بوون.
k24