پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ کازمی کۆ دەبنەوە

پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ کازمی کۆ دەبنەوە
وا بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە، مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بکات کە بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، لەم سەردانەیدا پرسی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بوونی میلیشیا شیعییەکانی ئێران لە عێراق، خاڵی جەوهەریی گفتوگۆکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.


بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە بەغدا پێی دراوە، شەوی رابردوو، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە ماڵی هادی عامری، لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و پرسی بوونی هێزەکانی ئەمریکا و ئەو سیاسەتەی کە مستەفا کازمی بەرامبەر بە هێزەکانی حەشد گرتوویەتیە بەر، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و سەركردەكانی حەشدی شەعبی هۆشدارییان داوە لەوەی کە قەبووڵی هیچ ڕێككەوتنێك ناکەن بە زیانی ئەوان تەواو بێت.


لەمبارەوە، د.سامان شاڵی، شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا رایگەیاند، هەر لە چەند رۆژی رابردوو، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پەیامێكی روونی بە مستەفا کازمی دا کە قەبووڵی ناکەن لەسەر حیسابی ئەوان، سەردانی ئەمریکا بکات و رێکكەوتن بکات.


گوتیشی: ”هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی مانەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق دەدەن، هاوکات ئەمریکاش دەیەوێ هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا لاواز و کاڵ بکاتەوە، بەڵام تاوەکوو چەک لە دەستی ئەو هێزانە هەبێت، هیچ کەس لە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا سەرکەوتوو نابێت“.












باسنیوز
Top