پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ کازمی کۆ دەبنەوە
بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە بەغدا پێی دراوە، شەوی رابردوو، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە ماڵی هادی عامری، لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و پرسی بوونی هێزەکانی ئەمریکا و ئەو سیاسەتەی کە مستەفا کازمی بەرامبەر بە هێزەکانی حەشد گرتوویەتیە بەر، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و سەركردەكانی حەشدی شەعبی هۆشدارییان داوە لەوەی کە قەبووڵی هیچ ڕێككەوتنێك ناکەن بە زیانی ئەوان تەواو بێت.
لەمبارەوە، د.سامان شاڵی، شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا رایگەیاند، هەر لە چەند رۆژی رابردوو، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پەیامێكی روونی بە مستەفا کازمی دا کە قەبووڵی ناکەن لەسەر حیسابی ئەوان، سەردانی ئەمریکا بکات و رێکكەوتن بکات.
گوتیشی: ”هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی مانەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق دەدەن، هاوکات ئەمریکاش دەیەوێ هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا لاواز و کاڵ بکاتەوە، بەڵام تاوەکوو چەک لە دەستی ئەو هێزانە هەبێت، هیچ کەس لە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا سەرکەوتوو نابێت“.
باسنیوز